بەشی پەرەپێدانی گەنجان چەندین پڕۆژەی خێرخوازی، بزنس و ماركێتینگ رادەگەیەنێت
هۆگر رواندزی: ئیدارەی سۆران خاوەنی دەیان گەنجی بەهرەمەند و بە توانا و لێهاتووە، پێویستە پشتگیری و هاوكاریان بكرێت
زاری كرمانجی – ڕواندز :
باس لە چەندین پرۆژەی خێرخوازی و لە ئەستۆ گرتنی كەسانی بێ سەرپەرشت دەكات، خۆبەخشانە دەییان كۆرسی بزنس و ماركێنتگی بۆ گەنجانی ئیدارەی سۆران كردووەتەوە و دەڵێت:” هەوڵ دەدەین زۆرترین لە گەنجانی دەڤەرەكە سوودمەند بن لە كار و چالاكییەكانمان و ببنە خاوەن پرۆژەی كاری خۆیان”.
هۆگر دڵشاد ڕاوێژكار و ڕاهێنەری بزنس و ماركێتینگ لەگەڵ ڕێكخراوی فیردەوس FDS كار بۆ فێركردنی گەنجان دەكەن لەسەر بزنس و ماركێتینگ و تا ئێستا دەییان گەنج بە هەوڵ و كۆششی ئەوان بوونەتە خاوەن كاری خۆیان.
هۆگر لەدایكبووی شاری ڕواندزە و ئێستا لە هەولێر نیشتەجێ یە لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا دەڵێ:” لەبەر ئەوەی خەڵكی ئەم دەڤەرەم و لە پەرۆشی بۆ شارەكەم پرۆژەی ئەم جارەیی ڕێكخراوەكەمان خستە ئێرە، چونكە بە خۆشحاڵییەوە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خاوەنی دەیان گەنجی بەهرەمەند و بە توانا و لێهاتوون، پێویستە كەسانێك پشتگیری و هاوكاریان بكات بۆ ئەوەی بە ئامانجی خۆیان بگەن و بتوانن بە كەمترین كات و باشترین ڕێگا ببنە خاوەن پرۆژە و بزنسی خۆیان”،
هۆگر باس لە ناوەڕۆك و ئامانجی پرۆژەكەیان دەكات و دەڵێ:” بە هاوكاری لەگەڵ ستافەكەم، هەڵدەستین بە كردنەوەی كۆرسی بزنس و ماركێتنگ و پشتگیری پرۆژە بچووكەكان و بە بازاڕكردنیان و نیشاندانی ڕێگاكان و ڕێنوێنی كردنیان و هۆشیاركردنەوەیان لە ڕێگەی خراپ مامەڵەكردن و چۆنیەتی بوونیان بە بزنسمان و دامەزراندنی پرۆژەی بزنس و بەرەوپێشچوونییان لە كاركردندا”،
هۆگر باس لە هۆكاری گواستنەوەی چالاكییەكانیان لە هەولێرەوە بۆ ئیدارەی سۆران دەكات و دەڵێ:” گەنجانی سۆران و ڕواندز، كەمترین دەرفەتی هەلی كاریان هەیە، ئەمەش وایكرد ئەمجارە فۆكسی تەواو بخەینە سەر ئێرە و لە ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوەكەش كە دەكاتە 18 ی 11 دیارییەك پێشكەش بە گەنجانی ئیدارەی سۆران بكەین و كار بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان بكەین لە رێگەی پرۆژە و كار و چالاكییەكانمان”،
هۆگر باس لە شێوازی پرۆژەكە دەكات كە چۆن چۆنی ئەنجام دەدرێت و دەڵێ:”پرۆژەكە لە شێوەی كۆرسە بێ بەرامبەر بە هەر دوو شێوازی ئۆف لاین و ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت، تاكوو زۆرترین گەنج سوودمەند ببن لێی”،
ئەوەش دەڵێ:” لە ماوەی نۆ مانگی رابردوو، نزیكەی 200 گەنج لە سنووری ڕواندز و سۆران بەشدارییان لە كۆرسەكاندا كردووە و زیاتر لە نیوەی ئەم ڕێژەیە، بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و لە ئێستادا لە ڕێگای تۆڕی سۆشیاڵ میدیاوە خەریكی كاركردنن و فێركراون چۆن پرۆژەكانیان بە بازاڕ بكەن”،
لە ڕێكخراوی فیردەوس بەشێك هەیە قەرزی بچووك دەداتە ئەو گەنجانەی خاوەن پرۆژەن هەروەكو هۆگر ئاماژەی بۆ دەكات:”لە ڕێكخراوەكەمان بەشێك هەیە پێی دەگوترێت قەرزی بچووك، ئەوانەی دەست دەكەن بە پرۆژە هاوكاریان دەكرێت و تیمی تایبەت بۆ سەرپەرشتی پرۆژەكە پێك دەهێنرێت و بە كۆمپانیا و ڕێكخراوەكانیان دەناسێنین بە مەبەستی زیاتر رەخساندنی دەرفەتی كار”،
لە پاڵ هاوكاریكردنی گەنجان و كردنیان بە بزنس و ئاشناكردنیان بە كاری ماركێتینگ، كاری خێرخوازیش دەكەن، هۆگر دەڵێ:” جگە لە گەنجان، گرنگییەكی زۆر دەدەین بە كەسانی بەساڵاچوو و بێ سەرپەرشتان كە هەژار و كەم دەرامەتن، بۆیە هەڵدەستین بە دابینكردنی دەرمان و شوێنی مانەوە و چارەسەركردنیان”،
لە كۆتایدا هۆگر دڵشاد باس لە كردنەوەی لقێكی رێكخراوەكەیان دەكات لە ئیدارەی سۆران و دەڵێ:” بارەگای فەرمیمان لە شاری هەولێر و بەغدا هەیە و لە ئێستادا سەرقاڵی كردنەوەی لقین لە شاری ڕواندز”.