زاری كرمانجی-سۆران
ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بڵاوی كردەوە: ” د. باری مەحموود و شاندێكی پزیشكیی یاوەری، ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی 8/2/2026 سەردانی سەرۆكایەتیی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”یان لە هەولێر كرد و لەلایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
شاندی میوان كە هەموویان دکتۆری فرە پسپۆڕن و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و لە ئەوروپا نیشتەجێن، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە بەهاناوەچوون و گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی بە ڕۆژئاوا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بواری خۆیاندا خۆبەخشانە خزمەتی ئاوارەكان و خەڵكی ڕۆژئاوا بكەن.
لە لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەو هەڵوێستەی شاندی میوانی بە هەڵوێستێكی نیشتمانی و مرۆیی و جێی ستایش ناوبرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. جەختی لەوەش كردەوە كە لە ڕۆژئاوا خەڵكێكی زۆر پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی و پێداویستییەكانی تەندروستی هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو: ” كە تیمەكانی گەڕۆكی پزیشكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو چارەسەری سەرەتایی پزیشكییان بۆ زیاتر لە 8،000 كەس لە ڕۆژئاوا ئەنجام داوە.


































































