
مەریوان مستەفا حەسەن
لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا كێشەی زەوی و زار یەكێك بوو لە گرنگترین بابەتە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ڕێكخستنی دەوڵەت و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك هەبوو، چونكە سیستەمی زەوی لە بنەڕەتدا بە شێوەیەكی ناوەندی و بە دەستی سوڵتان ڕێكخراو بوو و زۆربەی زەویە كشتوكاڵییەكان بە زەوی میری ناسرابوون كە بە شێوەی گشتی موڵكی دەوڵەت بوون و نەدەفروشران و نەدەدرانە دەستی تاكەكەسەكان بە شێوەی موڵكی تایبەتی، بەڵكو خێزانە كشتوكاڵكارەكان تەنها مافی بەكارهێنان و كشتوكاڵكردنیان هەبوو و دەبوو باج و خەراج بدەن بە دەوڵەت یان بەو كەسانەی كە لەسەر ئەو زەویە ڕێگەپێدراون باج وەربگرن.
سیستەمی تیمار:
لە ناو ئەم سیستەمەدا بنەمای سەرەكی بە ناوی سیستەمی تیمار ناسراو بوو كە تێیدا سوڵتان داهاتی زەوی یان باجی ناوچەیەكی دیاریكراوی دەدا بە سەربازان و خزمەتگوزاران وەك پاداشتێك بۆ خزمەتگوزارییەكانیان، بەم شێوەیەش دەوڵەت پێویستی بە پارەدان بۆ هێزی سەربازی كەمتر دەبوو و هەروەها توانای فراوانكردنی دەسەڵاتی ناوچە تازە داگیركراوەكانیشی هەبوو. تیمار بە شێوەیەكی بنچینەیی گواستنەوەی موڵكی زەوی نەبوو، بەڵكو تەنها مافی وەرگرتنی داهات و باجی زەوی بوو كە بەرامبەر خزمەتگوزاری سەربازی دەبەخشرا، ئەمە وای لێدەكرد كە دەسەڵاتی ناوەندی سوڵتان پارێزراو بێت و تووشی دابەشبوونی فیوداڵی نەبێت.
لە ژێر ئەم ڕێكخستنەدا جیاوازییەكانی داهات هەبوون، بۆ نموونە ئەگەر داهاتی ساڵانەی زەویەك كەمتر لە ٢٠ هەزار ئەقیچە بوو بە (تیمار)١ ناودەبرا، ئەگەر لە نێوان ٢٠ هەزار تا ١٠٠ هەزار بوو (زیعامەت)٢ ناودەبرا و ئەگەر زیاتر بوو بە (حاس)٣ ناسراو دەبوو، كە ئەم پۆلینەكردنە پەیوەندیدار بوو بە پلە و گرنگی خزمەتگوزارییە سەربازییەكان.
كاریگەری كۆمەڵایەتی:
لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە سیستەمی (جووتخانە)٤ یەكەی بنچینەیی كشتوكاڵ و باج بوو كە لەسەر بنەمای خێزانی كشتوكاڵكار درووست بوو و ئەم خێزانانە زۆربەی دانیشتوانی دەوڵەت بوون، لەسەر زەوی میریكراو كاریان دەكرد بۆ ژیان پشتیان بە بەرهەمی گەنم و جۆ دەبەست، هەروەها سیستەمی باج لە تێكەڵبوونی یاسای بێزەنتی و عوسمانی و ئیسلامی پێكهاتبوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە هاوكارییەكی سێلایەنە لەنێوان دەوڵەت و سەربازی و كشتوكاڵكار درووست ببێت، چونكە سەرباز دەسەڵاتی كۆنترۆڵی هەندێك لە كارەكانی زەوی هەبوو، بەڵام خۆی موڵكداری تەواو نەبوو و كشتوكاڵكارانیش مافی بەردەوامی كاركردن لەسەر زەویەكەیان هەبوو.’
لاوازبوونی سیستەمی تیمار :
لە كاتی پەرەسەندنی دەوڵەتی عوسمانیدا زۆربەی زەوی بە شێوەی میریكراو بوو و بۆ نموونە لە سەدەی شانزەهەمدا نزیكەی ٨٧٪ی زەوی بەو شێوەیە بەكاردەهێنرا، بەڵام لە دوا سەدەكاندا كەمبوونی كۆنترۆڵی ناوەندی و گەورەبوونی سیستەمی باج فرۆشتن وای لێكرد كە ئەم ڕێكخستنە بە هۆكارێك بۆ لاوازی دەوڵەت بزانرێت. هەروەها لە دوای سەدەی شانزەهەم بەدواوە زەویەكان زیاتر بە كرێ دەدران یان دەكران بە وەقف، كە ئەمە گۆڕانكارییەكی گرنگ لە سیستەمی كلاسیكی زەوی درووست كرد و بەشێك لە زەوی میریكراو بەرەو موڵكی تایبەتی یان بەكارهێنانی تایبەت گوازرایەوە.
دەرئەنجام :
كێشەی زەوی و زار لەم سەردەمەدا تەنها بابەتێكی ئابووری نەبوو، بەڵكو پەیوەندی بە دەسەڵات و ڕێكخستنی سەربازی و كۆمەڵایەتی هەبوو، چونكە سیستەمی تیمار بنەمای ڕێكخستنی هێزی سەربازی و بەڕێوەبردنی ناوچەكان بوو و لە هەمان كاتدا دیاری دەكرد كە كشتوكاڵكاران چۆن لەسەر زەوی كار بكەن و چەند باج بدەن، بەم شێوەیەش سیستەمەكە یەكێك بوو لە پایە سەرەكییەكانی دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی كلاسیكی خۆیدا.
بە گشتی دەتوانین بڵێین كێشەی زەوی و زار لە دەوڵەتی عوسمانیدا بریتی بوو لە تێكەڵبوونی موڵكداری دەوڵەتی و مافی بەكارهێنانی كشتوكاڵكاران و سیستەمی پاداشتی سەربازی، كە ئەم تێكەڵبوونە لە یەك لایەن دەسەڵاتی ناوەندی پاراست و لە لایەكی ترەوە بە هۆی گۆڕانكارییە ئابووری و سیاسییەكان لە دوا سەدەكاندا بوو بە هۆكاری لاوازی و گۆڕانكارییە بنەڕەتییەكانی ناو دەوڵەت.
پێڕستەكان:
۱. تیمار: تیمار یان سیپاهی سیستەمێك بوو لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، پارچە زەویەك یان موڵكێك دابین دەكرا تاكوو سەربازان سوودی لێ وەربگرن لە پێناو خزمەتی سەربازی.
۲. زیعامەت: بە هەمان شێوەی تیمار بۆ سەربازان دابین دەكرا، بەڵام ڕێژەی داهاتی زیاتر بوو و بۆ سەربازانی پلە باڵاتر بوو.
۳. حاص: ئەم جۆرەیان لە هەردوو جۆرەكەی تر داهاتی زۆرتر بوو، تایبەت بوو بە سووڵتان و بنەماڵە و دەسەڵاتدارە نزیكەكانی خۆی.
٤. جووتخانە: پارچە زەویەكی تایبەت بوو، كە تەنها بە جووتێك گا دەكێڵدرا بۆ ماوەی ساڵێك، ئەمە بۆ سنووردار كردنی زەویە كشتوكاڵییەكان بوو، هەروەها خانە بۆ تۆماركردنی ڕێژەی باجەكە بەكار دەهات، بەم جۆرە بە كۆكراوەیی پێیان دەگووترا جووتخانە.
لیستی سەرچاوەكان :
١. ئینالچیك، هالیل (١٩٩٤) مێژوویەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ١٣٠٠-١٩١٤. كامبریج: چاپخانەی زانكۆی كامبریج.
٢. ئینالچیك، هالیل (١٩٧٣) ئیمپراتۆریەتی عوسمانی: سەردەمی كلاسیك ١٣٠٠-١٦٠٠. لەندەن.
٣. دارلینگ، لیندا تی. (١٩٩٦) كۆكردنەوەی داهات و شەرعیەت: كۆكردنەوەی باج و بەڕێوەبردنی دارایی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ١٥٦٠-١٦٦٠. لەندەن.
٤. كواتێرت، دۆناڵد (٢٠٠٥) ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ١٧٠٠-١٩٢٢. كامبریج: چاپخانەی زانكۆی كامبریج.
٥. پاموك، شەڤكێت (٢٠٠٠) مێژوویەكی دراوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. كامبریج: چاپخانەی زانكۆی كامبریج.

































































