زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی گەورە لە ئاستی یەدەگی ئاوی هەرێم ڕادەگەیەنێت و جەخت دەكاتەوە كە شەپۆلەكانی بارانبارینی ئەمساڵ، ئاسایشی ئاوی هەرێمی كوردستانیان بۆ قۆناغێكی دڵنیایی بەرز گواستووەتەوە.
ئەندازیار ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئاستی گلدانەوەی ئاو لە هەندێك ناوچەدا بە ڕێژەی ٢٠٠٪ زیادی كردووە.” ئاماژەی بەوەش كرد كە ڕێژەی دابارین لە ناوچە جیاجیاكاندا گەشەی نێوان (١٠٠٪ بۆ ٢٠٠٪)ی تۆمار كردووە، كە ئەمە یەكێكە لە ئامارە دەگمەنەكانی ساڵانی ڕابردوو.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان تیشكی خستە سەر دۆخی مەیدانیی كۆگاكانی ئاو و ڕایگەیاند، بەهۆی چڕی بارانبارینەوە، ژمارەیەك بەنداوی گرنگ گەیشتوونەتە دوا قۆناغی كۆگاكردن و سەرڕێژیان كردووە، لەوانە:
بەنداوەكانی سنووری گەرمیان و سلێمانی.
بەنداوی كۆیە لە پارێزگای هەولێر.
بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆك.
خانی پێشبینیشی كرد كە لەگەڵ بەردەوامیی دابارین، بەنداوەكانی دیكەی هەرێمیش بگەنە بەرزترین ئاستی گلدانەوەی خۆیان.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی ٣ بەنداوی ستراتیژی گەورە و ٢٢ بەنداوی بچووك و مامناوەندە. بەڕێوەبەری بەنداوەكان جەختی كردەوە كە ئەم زیادبوونە لە یەدەگی ئاو، چەندین دەستكەوتی ستراتیژی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەستەبەر دەكات، لەوانە:
بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ: دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی پێویست بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان.
بەرزكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی: كاریگەریی ئەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر زیادكردنی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی.
پاراستنی ژینگە: باشتركردنی كوالێتی ژینگە و بوژانەوەی سیستەمی ئیكۆلۆژی لە هەرێمی كوردستان.

































































