مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند “ئەگەر جەنگیشمان بەسەردا بسەپێنن، هەرگیز دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین،”
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە 8ـى شوباتی 2026، لە گوتارێكی دا لە كۆنفرانسی ناوەندی توێژینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند “ئێمە لە پێناو بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە و پیتاندنی یۆرانیۆم تێچووی زۆرمان داوە، بۆیە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە دەستنیشانی بكات، كە چیمان هەبێت یان چیمان نەبێت.”
عێراقچی لە بارەی نیگەرانی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا لە سەر پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران جەختی لەوە كردەوە “ئامادەین نیگەرانییەكانیان بڕەوێنینەوە. پرسیاریان هەبێت، وەڵام دەدەینەوە و متمانەیان پێ دەبەخشین، بەڵام مافی ئەوەیان نییە بڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن.”
وەزیری دەرەوەی ئێران دڵنیایی ئەوەش دەدات كە بە دوای بۆمبی ئەتۆمەوە نین و دەشڵێت “ئەتۆمیی ئێمە هێزی ‘نا’ گوتنە بە زلهێزەكان.”

































































