مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
زریانی وێرانكەری لیۆناردۆ، لە ماوەی هەفتەیەك دوو جار نیمچە دوورگەی ئیبیری لە خۆرئاوای ئەورووپای گرتەوە و ئاستی ئاوای ڕووبارەكانی بەرزكردەوەو بووە هۆی دروستبوونی لافاو، كە ئەمەش وایكرد بە هەزاران كەس لە ئیسپانیا و پۆرتوگال ماڵەكانیان جێ بهێڵن و ئاوارە ببن .
لە پۆرتوگال لافاو ڕێگاوبانەكانی داخستووە و چەندین ناوچەش ژێر ئاو كەوتوون، هێڵەكانی كارەبا بە هۆی كەوتنەخوارەوەی دارە بەرزەكانەوە پچڕاوە و خەڵك بە بەلەمی بچووك ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن.
حكومەتی پۆرتوگال لە ڕاگەیاندراوێكدا باری نائاسایی تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو درێژ كردەوە و دەڵێت ڕووبەڕووی “قەیرانی وێرانكەر” بووەتەوە.
لە باشووری ئیسپانیا، زریانی لیۆناردۆ نزیكەی حەوت هەزار كەس، ناچار بە كۆچكردن كردووە و هۆشداری بە خەڵك دراوە ناوچەكانیان بە زووترین كات چۆڵ بكەن .


































































