پڕۆژەی ڕووناکی بڕیاری دا سیستەمی پارەدانی کارەبا بکاتە ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی کۆتایی بە نۆرەگرتنی زۆری هاووڵاتییان بهێنێت و ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنیەتیی ئەژمارکردنی نرخەکان دەدات.
ئەم گۆڕانکارییە هەنگاوێکی گرنگە لە پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ گۆڕینی شێوازی پارەدان لە دەستییەوە بۆ ئەلیکترۆنی، نەک تەنیا کێشەی قەرەباڵغی و نۆرەگرتن لە بنکەکان چارەسەر دەکات، بەڵکو شەفافییەت و خێرایی لە مامەڵە داراییەکاندا دروست دەکات.
سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند: تەواوی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانمان بەدەست گەیشتووە و کارمان لەسەر کردووە؛ لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کێشەی نۆرەگرتن بە تەواوی نامێنێت و پڕۆسەی پارەدان دەکرێتە ئەلیکترۆنی.
لەبارەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە نرخی کارەبای ڕووناکی؛ ئەو سەرچاوەیە بە ئاڤای گوت: نرخەکان بەپێی یاسا چەسپێنراون و وەک خۆیانن، بەڵام تێگەیشتنێکی هەڵە لە باڵانسی نامەی ژمارە 1992 دروست بووە، چونکە زۆرجار پارەی 20 ڕۆژ داخل کراوە و هاووڵاتی وا دەزانێت ئەوە پارەی تەواوی مانگەکەیە. پڕۆژەی ڕووناکی نموونەیەک لە هاوکێشەی ئەژمارکردنی پارەکە دەخاتە ڕوو، کە تێیدا نرخی هەر کیلۆوات سەعاتێک بە 72 دینار جێگیر کراوە:
- دۆخی یەکەم: 20 ڕۆژ بەکارهێنان (13 کیلۆوات لە ڕۆژێکدا) دەکاتە: 18,720 دینار.
- دۆخی دووەم: 30 ڕۆژ بەکارهێنان (13 کیلۆوات لە ڕۆژێکدا) دەکاتە: 28,080 دینار.
٠ پڕۆژەی ڕووناکی جەختی کردەوە کە چ ئەژمارکردنەکە بۆ 20 ڕۆژ بێت یان 30 ڕۆژ، نرخەکە جێگیرە و دادپەروەریی تێدایە، چونکە پارەکە تەنیا لەسەر بنەمای بڕی بەکارهێنان ئەژمار دەکرێت.
پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پێوەری زیرەک. پڕۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی بەختیاریی هەولێر دەستیپێکرد و ئێستا بۆ چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان فراوان کراوە. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ڕێکخستنی بەکارهێنانی وزە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و کۆتاییهێنانە بە مۆلیدە ئەهلییەکان کە بارگرانیی دارایی و ژینگەییان بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو.

































































