
رێبوار حەمەلاو شوانی
هەموو رووداو و پێشهاتەکانی رابردوو و ئێستا لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و پرسە ئەمنی و گرینگ و چارەنووسسازەکان و هەروەها جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەردان و پەیوەندییە فەرمییەکان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لای سەرکردایەتی سیاسی گەلی کورد و بەتایبەتی سەرۆک مسعود بارزانی ، وەک ڕابەرێکی کارێزما و کەسایەتییەکی بەهێز و بە ئەزموون ، پێمان دەڵێن و بۆ هەموو لایەکیش روون بووەتەوە کە ئەم قەوارە دەستوورییە دانپێنراوە نەک تەنیا بۆ پرسی کورد و هەر چوار پارچەی کوردستان ، بەڵکو هەولێری پایتەخت بووەتە چەقی کۆبوونەوە و بڕیارەدانە چارەنووسسازەکانی ناوچەکە و ئینجا پاڵپشتێکی بەهێز بۆ نەتەوەیی کورد لە هەر سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان ، وێرای هەموو ئاڵنگاریی و کێشەکان ، بەڵام بۆ پرسە ستراتیژی و نەخشەی سیاسی نوێی دەگەڕێنەوە بۆ لایی رابەرایەتی بارزانی و هەولێری پایتەخت بۆ وەڕگرتنی بیروڕا و پرس و گوێیان لێدەگیرێت
مێژوو وکردەوەکانی سەلمێنەری ئەو راستییەن ، ئەزموونی هەرێمی کوردستان ، توانیوێتی زۆر ژیرانە و سەرکەوتووانە ببێتە پەناگایەکی ئاڕام و متمانەپێکراو بۆ دۆزی گەلی کورد تا کو لە نێو گێژاوی شەڕ و ناکۆکییەکانی جەمسەرەکانی ناوچەکەدا ، بە بڕیاردانی لۆژیکانە و سیاسەت و دیپلۆماسیی ژیرانە پارێزگاری لە ئاڵا و شوناس و دەستکەوتەکانی کورد بکات لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی هەموو ئەو هێزانە ببێتەوە کە خەونی سڕینەوە و پاشگوێ خستنی کوردوکوردستان و دۆزی کورد لە هەر سێ بەشەکەی دەیکە دەبینن ، هەر بۆیە هەولێری پایتەخت و سەرکردایەتییە حەکیمانەکەی بوونەتە پاڵپشتی دۆزی گەلی کورد بەڕچاوگرتنی هەموو تایبەتمەندییەکان ، لەگەڵ ئەوەی کارێکی سەخت و قورسە بەڵام رابەرایەتییەکی ژیرانە و دیپلۆماسییەتێکی کاراوبەهێز مامەڵەیان لەگەڵ کراوە
ئەمڕۆ هەڕێمی کوردستان خاوەن ئەزموون وپەیوەندییەکی بەهێز لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دا ، بۆیە هەولێری پایتەخت بووەتە پردنی پەیوەندیی بۆ هەرسێ بەشەکەی دیکەی کوردستان بەتایبەت لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی زڵهێز و ناوچەکە بەتایبەت بۆ داکۆکیکردن لە دۆزی رەوای گەلەکەمان بە جیهانی دەرەوە لە پێناو بەدیهێنانی پشتیوانی بۆ کوردوکوردستان ، هەڵبەتە ئەم سەنگ و پێگە و دیپلۆماسی و پەیوەندییە بەهێزانە هەر لەخۆیەوە نەهاتوونەتەدی بەلکو بە هۆکی بەهێزی وکاریگەری و کارێزمای سەرۆک مسعود بارزانییە لە رابردوو و ئێستاشدا بۆ ئەوەی گەلی کورد خاوەن شکۆ بێت و مافەکانی مسۆگەر بێت ، ئەوەش بەڕێگەی فەراهەمکردنی ئاشتی و دڵنییایی لە ناوچەکە و هەروەها ڕاگڕتنی هاوسەنگی و بەرژوەندییە هاوبەشەکان و بەتایبەت لە پێناو دۆزی نەتەوەیی کورد ، ئەوەش زیاتر ناوچەکە بەرەو سەقامگیری و ئاشتی دەبات
ئیتر سەردەمی نکۆڵیکردن بەسەرچووە و نەیارانی کوردستان باش دەزانن سەنگ و پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستان چەندە و لە رابردووشدا بنیمان هەر چی چەک و سیناریۆ و قەیرانی ساختە و مورتەزەقە و گوشاری ئابووری و سیاسی و دەروونیان دژی ئەم گەل و قەوارە و سەرکردایەتییە تاقیکردنەوە ، زۆریش هەوڵیاندا پرسێک بەناوی ئەم قەوارەیە بوونی نەمێنێت ، رۆژ بەرۆژ نەک هەر خەونەکانی خۆیان و بەکرێگیراوەکانیان نەهاتەدی بەلکو هەموو مینەکانیان پووچەڵکرانەوە ، بناغەی ئەم قەوارە و ئەزموونە وەک داربەرووە کە بەڕەشەبا و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری و هاشوهوشی سەر تی ڤییەکان و بێ ڕێزیکردن بە ڕەمز و سیمبوڵە نەتەوەییەکان نەک هەر ناڵەرزێت بەڵکو تەنیا سەریان لە کێوە بەرزەکانی کوردستان دەدەن ، چونکە ئەم کوردستانە بە خوێن ڕەگ و ڕیشەی داکووتاوە و خاوەن سەرکردایەتییەکی ژیرانە و بەرپرسیارە و رابەرێک کە خوێندنەوەی وردی بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان هەبێت و بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمانەکەی پێش هەموو پرسێکی دیکە بێت، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نیودەوڵەتیی حیسابی بۆ بکرێت و بەرگریش لە دۆزی رەوای نەتەوەکەی بکات و هەمیشە بەچەکی ئاشتی و دیپلۆماسی و لۆژیک سەقامگیری و مافەکانی بێنێتەدی ؛ بۆیە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ؛ بارزانی ڕابەر و هەولێری پایتەختی ئاشتی ولۆژیک و هێزوپاڵپشتی دۆزی کوردە.

































































