زاری كرمانجی :
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی وای كرد كە رێگری لە كارەسات و شەڕی نەتەوەیی بگرێت و هەولێریش ببێتە ناوەندی ئاشتی .
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، وردەكاریی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دەخاتە روو و دەڵێت “حكومەت دانی بە نەهامەتییەكانی رابردوودا ناوە و بەڵێنی داوە ئەو ستەمە دووبارە نەبێتەوە.”
گوتەبێژەكەی (ئەنەكەسە) لە درێژەی قسەكانیدا سەرنجی خستە سەر رۆڵی سەرۆك بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەدا و رایگەیاند “سەرۆك بارزانی شەو و رۆژی خستبووە سەر یەك بۆ ئەوەی ئەو كارەساتەی لە رۆژئاوای كوردستان روویدابوو چارەسەری بكات.”
دەشڵێت “هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەت پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ ئەمریكا، فەرەنسا و وڵاتانی عەرەبی، بووە هۆی رێگریكردن لە روودانی شەڕی نەتەوەیی لە ناوچەكە و توانی هەولێر بكاتە بنكەی دانوستانەكان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.”
فەیسەڵ یوسف لەكۆتایی قسەكانیدا گوتی “كەس ناتوانێت گەلی كورد لەناو ببات، جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەبێتە دەرفەتێك بۆ دانوستان و بنیاتنانی سووریایەكی دیموكرات و فرەپێكهاتە.”


































































