ئەمڕۆ شەممە 2026.02.07، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەیان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووەوە پێشوازییان لێکرا.
شاندە حکوومییەکە پێکهاتبوو لە د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری. ئەم سەردانە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حزبە ئامادەی پێشوازییەکە بوون.
لە دیدارەکەدا، شاندی نوێنەری سەرۆکی حکومەت وێڕای گەیاندنی سڵاو و پیرۆزبایی مەسروور بارزانی، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ یەکگرتووی ئیسلامی خواست. هەروەها ئومێدیان خواست کە یەکگرتوو وەک هەمیشە ڕۆڵی میانڕەوانەی خۆی لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت و بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بە ئاراستەی چەسپاندنی یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن لە نێوان سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا.
































































