وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، ئیسرائیل کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە و پرۆژەیەکی فراوانخوازیی هەیە، بۆیە پێویستە سنوورێکی بۆ دابنرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گوتارێکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گوتی: “ئەگەر پرسی غەززە لە رێگەی دەرکردن، داگیرکاری و وێرانکارییەوە یەکلایی بکرێتەوە، ئەوا کەناری ڕۆژئاوا دەبێتە قوربانیی داهاتوو”.
بە بڕوای عێراقچی، پرۆژەی فراوانخوازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، پشت بە ستراتیژی “لاوازکردنی وڵاتانی دیکە” دەبەستێت، بۆ مسۆگەرکردنی باڵادەستیی خۆی و بەکارهێنانی هێز بەبێ هیچ سنوورێک.
عێراقچی داوای کرد، لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکارییەکان بکرێت و سزا بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنرێت. ئەو جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کارکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی کردەوە.
هاوکات داوای لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی کرد، یەکبگرن بۆ رێگریکردن لە “دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەهێز”.
عێراقچی، دیپلۆماتکاری دێرینی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدات، شەڕ و ململانێی نێوان دوو لایەنی هاوتا نییە، بەڵکو “لەناوبردنێکی بەئەنقەستی ژیانی مەدەنی و کۆمەڵکوژییە”. ئەو بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە بە “شکستێکی ئەخلاقیی گەورە” بۆ هەموو ئەوانە ناوبرد، کە بینەری ڕووداوەکانن و قبووڵی دەکەن.
عێراقچی دۆزی فەڵەستینی بە تاقیکردنەوەیەک بۆ یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد و گوتی: “یان دەبێت ئەم یاسایە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت، یان لەگەڵ ڕووخانی بەها مرۆییەکان لە غەززەدا شکست دەهێنێت”. ئەو دووپاتی کردەوە، پێدانی پارێزبەندی بە ئیسرائیل زیانێکی گەورەی لە سیستەمی دادوەریی نێودەوڵەتی داوە.

































































