ديلان یەشیلگۆز، ژنە سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکومەتی نوێی هۆڵەندا دەستبەکار بوو.

دیلان لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵیدا وەک پەنابەر ڕوویان لە هۆڵەندا کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، هەنگاوەکانی سیاسیی بە خێرایی بڕی؛ لە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە بۆ پەرلەمانتار، و دواتر وەک وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەکەم ژن کە سەرۆکایەتی پارتی (VVD) بکات و ئێستاش یەکێکە لە بەهێزترین کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا.
دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی 6 وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت.
دیلان یەشیلگۆز لە یەکەم کاردانەوەیدا لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند: “جێگەی شانازییەکی گەورەیە وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری خزمەت بکەم.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئازادی و ئاسایش شتێک نین کە بە ئاسانی بەدەست بێن، بۆیە بەڵێنی دا کە بە هەموو توانایەوە کار بکات بۆ پاراستنی هۆڵەندا و پشتیوانیکردنی ئەو ژن و پیاوانەی ڕۆژانە لە ناو هێزە چەکدارەکاندا بەرگری لە خاکی وڵات دەکەن.


































































