مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ناسنامەی 257 كوردی ئاشكرا كرد كە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی مانگی ڕابردووی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەستداوە .
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “ڕێكخراوی هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی 257 هاووڵاتیی كورد كە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانەوە كوژراون، پشتڕاست بكاتەوە كە 19 ژن و 20 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵیان تێدایە،”
بە گوێڕەی ئەو ڕیزبەندییەی هەنگاو كردوویەتی قوربانیان ؛20 منداڵ و 19 ژن و 29 كەس لە پەیڕەوانی كەمینەی ئایینی یارسان، 10 خوێندكار، 5 پزیشك، 2 ئەندازیار و مامۆستایەك كوژراون،؛
هاوكات پارێزگای كرماشان زۆرترین قوربانی تێدا تۆمار كراوە كە كوژرانی 89 هاونیشتمانی بووە و بە گشتی 145 كەس لە خەڵكی ئەو ناوچەیە لە تەواوی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون.
خۆپیشاندانەكان ڕۆژی 28ـى 12ـى 2025 لەلایەن كاسبكارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێكرد و دواتر پەرەی سەند بۆ زۆربەی شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
بە پێی ئاماری ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران تا ئێستا بە گشتی نزیكەی 30 هەزار لە خۆپیشاندەران و دەزگا ئەمنییەكان كوژراون .

































































