نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیادا، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند: “لە سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیادا، هاوسۆزی خۆمان بۆ قوربانیان و هەموو ئەوانەی بەهۆی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەوە زیانیان پێگەیشتووە، دەردەبڕین.”
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری تورکیای کرد و نووسیویەتی: “دەستخۆشی لە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حکوومەتەکەی دەکەم بۆ سەرکردایەتی و دڵسۆزییان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا.”
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و ڕایگەیاند: “ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونم بە بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانمان و کارکردن پێکەوە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکانمان.”


































































