وەرزش ـ زاری كرمانجی:
یارییەكانی جامی جیهانی قەتەر، بەردەوامیان هەیە، دوێنێ یەكشەممە كۆستاریكا لەژاپۆنی ـی بردەوە، مەغریب 2-0 شكستی بەبەلجیكا هێنا، كڕواتیا، كەنەدای رەوانەی ماڵەوەكرد و 3-1 بردیانەوە. لەدوا یارییشدا ئیسپانیا كەچاوەڕێ دەكرا بۆ دووەمین پاڵەوانێتی لەسەر یەك ئەڵمانیا بنێرێتەوە، بەڵام كەوتنە داوی یەكسانبوون و بەگۆڵێك یەكسانبوون.
یارییەكانی گەڕی دووەم بەردەوامیان دەبێت، و ئەمڕۆ كاتژمێر 1 ـی دوانیوەڕۆ لەسەر یاریگەی ئەلجنوب، كامیرۆن رووبەرووی سێڕبیای بریندار دەبێتەوە.
یاریی رابردوو كامیرۆن بە سویسڕا دۆڕاوە، سێڕبیاش بەرانبەر بڕازیل تووشی شكست بوو، بۆیە یارییەكی زەحمەت چاوەڕێیان دەكات، شكست لەم یارییە واتای چوونە دەرەوە دێت.
كاتژمێر 4 لەسەر یاریگەی پەروەردەیی، كۆریا بەئامانجی دووپاتكردنەوەی مێژوو رووبەڕووی گانا دەبێتەوە.
كاتژمێر 7 ـی ئێوارەش یاریگەی 974 دەبێتە شانۆی یارییەكی قوورس لەنێوان بڕازیل و سویسڕا.
دوا یاریی ئەمڕۆ كە كاژمێر 10 بەڕێوەدەچێت گرنگترینە، و زۆرترین هاندەر لەسەرانسەری جیهان، لەچاوەڕوانی ئەم یارییەدان.
یاریگەی لوسێل، كە یاریگەی یاریی فایناڵە، دەبێتە ستەیجی جەنگی نێوان ئۆرەگوای و پۆرتوگال.
پۆرتوگال، یاریی رابردوو بەشێوەی چاوەڕواننەكراو لەباڵاترین ئاستی خۆی نەبوو، هەمووان ئومێد گرن بەوەی ئەم یارییە قەرەبوو بكەنەوه، لەبەرانبەردا ئۆرەگوای خۆی مەڵاسداوە یەكەم بردنەوە لەپاڵەوانێتی ئەمجارە دەستەبەر بكات.