بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسروور بارزانی رای گەیاند، پارتی زۆرینەی دەنگی كوردستانی بەدەست هێناوە و مافی خۆیەتی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری شوبات، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كەناڵی رووداوی راگەیاند، تاكە لایەنێك مافی ئەوەی نییە كە زۆرینەشی نەبێت، بڵێت تەنیا من كاندیدی سەرۆك كۆمار دیاری دەكەم، هەروەها حزبێك ناتوانێ پۆستێك قۆرخ بكات، ئەگەر هەڵبژاردنی بردووەتەوە ئەوە مافی خۆیەتی.
زیاتر گوتی، دوو پێشنیاز هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار یان پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنێك بكات و لەو نۆ كاندیدەی خۆیان بەربژێر كردووە كامیان زۆرینەی هێنا، ببێتە كاندیدی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یان ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكە.
باسی لەوەش كرد، پارتی زۆرینەی دەنگی كوردستانی بەدەست هێناوە و مافی خۆیەتی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكات، ئەگەر واز لەم مافە بهێنێت، تەنیا بۆ كاندیدێك دەبێت كە كۆدەنگی نیشتمانیی لەسەر بێت و كاندیدی هەموو خەڵكی كوردستان بێت نەك تاكە لایەنێك.
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەوڵی زۆمان داوە، بەڵام بەداخەوە لایەنەكان نەهاتوونەتە پێشەوە، لەگەڵ یەكێتی هەنگاوی باشمان بڕی، بەڵام دواتر نەهاتنە پێشەوە و كێشە بۆ پێكهێنانی حكوومەت دروست بوو، گفتوگۆكان بەردەوامن، بەڵام بنەمایەك هەیە و دەبێت رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵك بگیرێ و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگیرێ.

































































