شەهلا سۆفی ـ زاری کرمانجی:
چەوەندەری سوور، نەک تەنها خواردنێکی ڕەنگاوڕەنگ و بە تامی زستانە، بەڵکو گەنجینەی ماددەی خۆراکییە بۆ تەندروستی، بەتایبەتی بۆ خانمان. لە نەهێشتنی کەمخوێنی و کەمکردنەوەی نیشانەکانی سوڕی مانگانە تا زیادکردنی وزە و باشترکردنی کرداری هەرس و تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
چەوەندەر دەوڵەمەندە بە ئاسن و نیترات و دژە ئۆکسێنەر و ڕیشاڵ و فۆلێت و پێکهاتەی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجە. ئەم ئاوێتانە چەوەندەریان کردووە بە خۆراکێکی سەرەکی کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی تەندروستی گشتی و ڕێگریکردن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە خانماندا.
گرنگترین تایبەتمەندی چەوەندەر بۆ خانمان:
ئاسنی ناو چەوەندەر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ڕێگریکردن لە کەمخوێنی. کەمی ئاسن بەتایبەت لە کاتی سوڕی مانگانەدا دەبێتە هۆی ماندوێتی و لاوازی و کەمبوونەوەی ئاستی وزە. چەوەندەر یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە دابینکردنی ئەو ئاسنەی کە پێویستی بە جەستە هەیە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی شەربەتی چەوەندەر دەبێتە هۆی باشترکردنی ئاستی وەرزشی و دواخستنی ماندوێتی. نیتراتی ناو چەوەندەر یارمەتی باشکردنی بەکارهێنانی وزە دەدات لە ماسولکەکاندا و وزەی زیاتر لە جەستەدا هەڵدەگرێت.
دژە ئۆکسێنەرەکانی ناو چەوەندەر پێست لە زیانەکانی ڕادیکاڵە ئازادەکان و ژەهرەکانی ژینگە دەپارێزن و یارمەتی مانەوەی تەندروست و زیندوو دەدەن. هەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی چەوەندەر دەتوانێت کاریگەر بێت بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پێست. هەروەها ڤیتامین A لە چەوەندەردا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی پەردەی چڵکدار و باشترکردنی تەندروستییان..
هەروەها چەوەندەر سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ترشی فۆلیک، کە پێویستە بۆ گەشەکردنی کۆرپەلە لە کاتی دووگیانیدا. ترشی فۆلیک ڕێگری دەکات لە کەموکوڕیەکانی بۆری دەمار لە کۆرپەدا. هەروەها نیتراتەکانی ناو چەوەندەر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێکخستنی پەستانی خوێن لە کاتی دووگیانیدا.
ئەو ڕیشاڵە زۆرەی لە چەوەندەردا هەیە یارمەتی باشترکردنی کارکردنی هەرس دەدات و ڕێگری لە قەبزی دەکات .
ئاوێتە دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەی ناو چەوەندەر دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە کەم بکاتەوە.

































































