ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە توێژینەوەیەکدا زانیاری لەبارەی نەخۆشی هاری دەخاتە ڕوو دەڵێت: هاری نەخۆشیێکی ڤایرۆسییە و لە لیکی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بە ڕێگەی گازگرتن دەگوازرێتەوە. ئەو ئاژەڵانەی نەخۆشییەکە دەگوازنەوە بریتین پشیلە، سەگ و شەمشەکوێرە.
ماڵپەڕی (Who) دەڵێت: نەخۆشی هاری کێشەیەکی تەندروستی گشتییە لە زیاتر لە 150 وڵات و ناوچە، بەتایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقا. ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە، ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس، کە 40٪ی قوربانییەکان منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵن. گازگرتن و ڕووشانی سەگ هۆکاری لە ٩٩٪ حاڵەتەکانی نەخۆشی هارین لە مرۆڤ و دەتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت بە کوتانی سەگ و ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە گازگرتن.
هاری لە سەتاسەد کوشندە دەبێت کاتێک ڤایرۆسەکە دەگاتە کۆئەندامی دەماری ناوەند و نیشانەکان دەردەکەون. نیشانەکان لە مرۆڤدا برییتین لە سەرئێشەو تا و نائارامی و ئازار بێتاقەتی وە خورانی شوێنی گازگرتنەکە و توورەبوونێکی زۆر هاتنە خوارەوەی لیکێکی زۆر لە دەمی وفێ له کۆتای دا مردن.
هەمان سەرچاوە هۆشداری دەدات ئەگەر کەسێک لەلایەن ئاژەڵێکەوە گازی لێدرا یان ڕووشێنرا، ئەوا دەبێت دەستبەجێ داوای چارەسەری خۆپاراستن (PEP) بکات.
هاوکات سەرچاوەکە ڕوونیشی دەکاتەوە، نەخۆشی هاری دەکرێت لە ڕێگەی یاری منداڵانەوە کە بەرکەوتەی ئاژەڵەکە بووە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. زۆرجاریش لە ڕێگەی گازگرتن، ڕووشان، یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ( چاو، دەم یان برینی کراوە).
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (Who)، تێچووی جیهانیی نەخۆشی هاری ساڵانە بە نزیکەی 8.6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە بریتییە لە گیان لەدەستدانی ژیان و بژێوی ژیان، چاودێری پزیشکی و تێچووی پەیوەندیدار.

































































