ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرای کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوو ملیۆنان کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست داوە و شێرپەنجە دووەم هۆکاری مردنە لە سەرانسەری جیهاندا.
ماڵپەڕی WHO ئاشکرای کرد کە بەربڵاوترین شێرپەنجە لە پیاواندا شێرپەنجەی سییەکان، پرۆستات، کۆلۆن، گەدە و جگەرە؛ و لە ژناندا بەربڵاوترین شێرپەنجە شێرپەنجەی مەمک، کۆلۆن و سییەکان، مل و دەرەقین.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، فشارێکی جەستەیی، سۆزداری و دارایی گەورە دەخاتە سەر تاک، خێزانەکان، کۆمەڵگەکان و سیستەمەکانی تەندروستی. زۆرێک لە سیستەمەکانی تەندروستی لە وڵاتانی داهاتی مامناوەند و نزم کەمترین توانایان هەیە بۆ بەرگەگرتنی تووشبووانی شێرپەنجە. ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشانی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا دەستیان بە دەستنیشانکردن و چارەسەری کوالیتی لەکاتی خۆیدا نییە. لەو وڵاتانەدا کە سیستەمی تەندروستی بەهێزیان هەیە، رێژەی ڕزگاربوون لە زۆربەی جۆرەکانی شێرپەنجە بەرەو باشتر دەچێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (Who) زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: لە سەدا 30 بۆ 50 شێرپەنجە دەتوانرێت لە ڕێگەی شێوازی ژیانی تەندروستەوە دوور بخرێتەوە، وەک دوورکەوتنەوە لە تووتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی تەندروستی بەگشتی، وەک کوتانی دژی هەوکردنی شێرپەنجە. شێرپەنجەکانی تر دەتوانرێت زوو دەستنیشان بکرێن و چارەسەر بکرێن. تەنانەت لە قۆناغی پێشکەوتووی شێرپەنجەدا، دەکرێت ئازاری نەخۆشەکان بە چارەسەری هێورکەرەوەی کاریگەر کەم بکرێتەوە.

































































