لە چوارچێوەی جێ بەجێکردنی بڕیاری مسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، سبەی چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران، دەست بە دابەش کردنی زەوی دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران بڵاوی کردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا، لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی رواندز زیاتر لە 500 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشک بەسەر فەرمانبەرانی سنورەکە دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران راشیدەگەیەنێت: لە قۆناغەکانی دواتردا بەردەوام دەبن لە دابەش کردنی زەوی لەو شارەوانیانەی نەخشەو زەویان دیاری کراوە بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی شایستەن بە وەرگرتنی زەوی و مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان دەرکرا، تا ئێستاش لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشکراوە و پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.































































