محەممەد مەحموود- سۆران:
دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی 10ساڵی ڕابردوو کارەبای سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و بەشێکی ناحیەی دیانا بووە 24 کاتژمێری لە پڕۆژەی رووناکی، بۆماوەی 2 مانگ گرێبەست لە گەڵ خاوەن مۆلیدەکان کرا و لە ئێستاشدا ئەو گرێبەستە بەکۆتادێت و خاوەنی مۆلیدەکان سەرپشککراون لە هەڵگرتنی مۆلیدەکانیان بەمەرجی زیان نەگەیاندن بە تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی.
قانع لەتیف، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەئەهیلەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” گرێبەستی نێوان خاوەن مۆلیدەکان و پڕۆژەی رووناکی لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆ ئەو شوێنانەی کارەبایان بۆتە 24 کاتژمێر بۆمانگەکانی 12و 1 گرێبەستیان لە گەڵ کرابوو، لە پڕۆژەی رووناکی پارەیان پێدەدرا، بەڵام لە مانگی 2 ئەو گرێبەسته هەڵدەوەشێتەوە و خاوەن مۆلیدەکان ئازادن لەوەی مۆلیدەکانیان هەڵبگرن یان بیان هێڵنەوە، بەمەرجێک له کاتی هەڵگرتن زیان بە تۆڕەکانی کارەبای نیشتیمانی نەگات و لە ژێر چاودێری لیژنەی مۆلیده ئەهیلەکان ئەو کارە دەکرێت”.
سەرۆکی لیژنەی مۆلیده ئەهیلەکان گوتیشی” ئێمە لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی مۆلیده ئەهلیەکانی سنوری پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان هەڵوەشاندەوە پاڵپشت بە بڕگە یاسایەکانی ناو گرێبەستەکە.
ماوەیەک پێش ئێستا بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران لە ڕێگەی زاری کرمانجییەوه ئاماژەی بەوەدا لەم مانگە کارەبای قەزاکانی رواندزو خەلیفان دەبێتە 24 کاتژمێری، هەفتەی ڕابردووش لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی کارەبا لە ئیدارەی سۆران بەڕێوەچوو لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان.


































































