ئهمڕۆ دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەکە دا کە ئاندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پرسی دیاریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق کرا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و پێویستە میکانزمێکی گونجاو ئامادەبکرێت بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار و بکرێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای هەر هەڵبژاردنێک تووشی گرفت نەبێ.
لە بارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانیش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند ئەم پۆستە پشکی نێوماڵی شیعەیە، ئەوان دەبێت خۆیان ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.
بارودۆخی سووریا و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە گشتیی تەوەری تری ئەم دیدارە بوون.

































































