زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی سی پی تی لە راگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی سوپای سووریا، دوو هاووڵاتی مەدەنی یەك خێزان دەكوژن و دواتریش ئەندامانی جەستەیان لێدەكەنەوە .
كامەران عوسمان ئەندامی ڕێكخراوی سی پی تی راگەیاند “چەكدارانی حكومەتی نوێی سوریا لە شاری ڕەقە، ڕۆژی 18ـی كانوونی دووەم، هاووڵاتییەكی مەدەنی بە ناوی فەرید ڕەبیع بەكر ی تەمەن 16 ساڵان دەكوژن و دوای كوشتنیشی سەری لە لاشەی جیا دەكەنەوە. دواتر تەرمەكە دەگوازنەوە شاری حەلەب و 11 رۆژ ڕادەستی خێزانەكەی دەكەنەوە و لە گوندی مەیدانو لە عەفرین دەنێژرێت.”
دەشڵێت “چەكدارەكان رۆژێك دواتر، پورزایەكی فەرید بە ناوی ئایە عیزەت سیراجی تەمەن 22 ساڵ لە هەمان شار دەستگیردەكەن و ئایە لە ژێر ئازار و ئەشكەنجەی چەكدارەكان گیان لەدەستدەدات و دواتر چەكدارەكان دەست و قاچی چەپی ئەو كچە لێدەكەنەوە و بەشێكی جەستەی دەسوتێنن.”
خێزانی ئایە، وێنەی كچەكەیان بە كوژراوی لە سۆشیاڵ میدیا دەبینن، پەیوەندی بە هێزەكانی حكومەتی سوریاوە دەكەن و داوای تەرمەكەی دەكەنەوە. باوكی ئایە، بە چەكدارانی گوتووە “فیشەكتان پێنەبوو بیكوژن؟ بۆچی لە ژێر ئەشكەنجەدا كوشتتان؟ بۆچی پارچە پارچەتان كرد و سوتاندتان ؟”
هەروەكوو ئەندامەكەی ڕێكخراوی سی پی تی ئاشكرای دەكات باوكی ئایە بە هۆی رەخنەكانییەوە لەلایەن چەكدارەكانی دیمەشق دەستگیراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە .

































































