زاری كرمانجی – هەولێر:
پەرلەمانی كوردستان رۆژی سێشەممە 29-11-2022 كۆدەبێتەوەو دەنگ لەسەر چەند پێشنیاز و پڕۆژە یاسایەك دەدات. بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش بەم شێوەیە ..
بەپێی حوكمی ماددەی (٥)و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (١٦)و بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (١٨)و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (٢٠)و ماددەكانی (٤٧، ٤٨)و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (٥٢)و ماددەكانی (٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (١٤)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم له خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ۲۰۲۲/۱١/٢٩ بەم شێوەیە بێت:
یەكەم: دەنگدان لەسەر ئەم پێشنیاز و پڕۆژە یاسایانەی خوارەوە بەپێی حوكمی ماددەكانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:-
١ – پێشنیازە یاسای (پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
٢ – پێشنیازە یاسای (بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە ٧٨ی ساڵی ٢٠١٢).
٣ – پڕۆژە یاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف، ژمارە ٦٤ی ساڵی ١٩٦٦ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
٤ – پڕۆژە یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨).
دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (كار لە هەرێمی كوردستان)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.