مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی (MMEA) بڵاوی كردەوە لە دوورگەی ؛پێنانگ؛ دوو كەشتیی نەوت هەڵگر دەستی بەسەرگیرا كە بەشی زۆری دەریاوانەكانی هاووڵاتیی ئێرانی بوون .
ئاژانسی جێبەجێكاریی دەریاییی مالیزیا (MMEA) ڕاگەیاند “لە ئاوەكانی دوورگەی “پێنانگ” دەستی بەسەر دوو كەشتیی نەوتهەڵگر و 53 دەریاواندا گیراوە، كە بەشی زۆرییان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی و ئەوانی دیكەش چینی، میانماری، پاكستانی و هیندی بوون.”
ئاژانسەكە لە ڕاگەیاندراوەكەی دا هۆكاری دەستبەسەرداگرتنی ئەم دوو كەشتییەی ئاشكرا كرد و دەڵێ “بەهۆی گومانی گواستنەوەی نایاساییی نەوتی خاوە بە بەهای نزیكەی 130 ملیۆن دۆلار بە شێوازی “كەشتی بۆ كەشتی” بووە.”
دەشڵێت “ئەم هەڵمەتە دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە چالاكیی گوماناویی دوو كەشتی لە دووریی نزیكەی ٢٤ میلی دەریایی لە باكووری ڕۆژئاوای دوورگەی پێنانگ ئەنجام دراوە.”
ئەگەرچی تا ئێستا لەلایەن ئاژانسی جێبەجێكاریی دەریاییی مالیزیا، وردەكاریی سەبارەت بە ناسنامەی كەشتییەكان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بە پێی قسەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێت كەشتییەكان ئێرانین .


































































