د. گەزنگ كاكل عەزیز
ئەم حاڵەتە هەندێك جار لەكاتی دووگیانی دوای بیست هەفتەی دووگیانی روودەدات، بە رێژەی 5-10% لە ئافرەتە دووگیانەكان فشاری خوێنیان بەرز دەبێت، جاڵەتەكانیش ئاوسان بەتایبەتی لە پێیەكان، قاچ، دەست، دەم و چاو، پڕۆتین لە میز بەدەر دەكەوێت، ئەمەش بە پشكنینی تاقیگە بە دیار دەكەوێت، تا ئێستاش هیچ هۆكارێكی تایبەت نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەوانەیە بەهۆی كێشەی پێكوەنووسانی ویلاش لەگەڵ منداڵدان بێت.
ئەوانەی ئەگەری تووش بوون بەم حاڵەتەیان زیاترە:
- ئەوانەی دایكیان تووشی فشار بەرز بوون بووینە لە كاتی دووگیانی
- تەمەن لە ٤٠ساڵ زیاتر بێت
- نۆبەرە
- ئەگەر لە دووگیانی پێشوو ئەم حاڵەتەی تووش بووبێ - ئەگەر نەخۆشی شەكرەی هەبێت
- قەڵەوی
- دووانەیان لە سك بێت - كەمی ڤیتامینC.E، كەمی مەگنیسیۆم لە خوێن
نیشانەكانی چین؟
سەر ئیشە، ئاوسانیكی زۆر لە جەستەدا، زیاد بوونی كێش بە ماوەیەكی كەم، بەرز بوونی فشاری خوێن، ئازار لە لای راستی سەرەوەی سك، دل تێكهەڵاتن، تێكچوونی بینین و گەشكە لە هەندێك حاڵەتی پێشكەوتوو.
مەترسی ئەم حاڵەتە لەوەدایە كە كارێگەری لەسەر ژیانی دایك و كۆرپەلە هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی كز بوونی گەشەی كۆرپەلە، منداڵ بوونی پێشوەخت، مردنی كۆرپەلە و حاڵەتی خوێنبەربوون لە دایكەكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، بۆیە هەر ئافرەتێكی دوو گیان پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕ بێت و مانگانە فشاری خوێن بۆی بپێورێت بۆ چارەسەر كردن و زوو دەست نیشان كردن.