ناوەندە سیاسییەکان و میدیاكان جەخت دەکەنەوە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەم هەوڵانە بوونە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە نەک هەر کۆتایی بە پێکدادانە چەکدارییەکان هێنا، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی نوێی بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوەکان و سەقامگیری لە رۆژئاوای كوردستان بەدوادا هات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئەلمەدا)، هەوڵێکی کارای هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبووە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کە تێیدا سەرۆک مەسعود بارزانی وەک چەقی قورسایی ئەو گفتوگۆیانە دەرکەوتووە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سەرکەوتنە ئەنجامی هەماهەنگییەکی چڕ بووە لەنێوان نێردەی ئەمریکا، تۆم باراک و پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی و لایەنی تورکیا.
هاوكات ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) لە زاری شێرزاد حوسێن، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، گواستوویەتییەوە کە سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی بێدەنگ و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا، قەتەڕ، ئیتالیا (ڤاتیکان) و نێردەی ترەمپ، توانیویەتی ناوچەکە لە خوێنڕشتن بپارێزێت. بارزانی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە “دیالۆگ و دانوستان تاکە ڕێگەی مسۆگەرکردنی مافەکانە.”
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی خۆی پێشوازیی لەم ڕێککەوتنە کرد و هیوای خواست ئەمە ببێتە کۆتاییەک بۆ ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا. هاوکات لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێرانی سیاسی بۆ ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) دووپاتیان کردەوە کە قورسایی سیاسیی هەولێر و سەرۆکایەتییەکەی، فاکتەری سەرەکی بوون لە فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە ئەرێنییە.


































































