شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
وەك سەرچاوە پزیشكییەكان باسی لێوەدەكەن، ڤیتامین Aدەچێتە ناو پێكهاتەی خانەكانی تۆڕی چاو، ئەمەش گرنگە بۆ سەلامەت بینین لە رۆژ و شەودا، هەروەها بەرپرسە لە تەندروستی خانە ناوپۆشەكانی لەشی مرۆڤ و چاو و پێست بە جۆرێك كە ئەو خانانە بە هەبوونی ئەم ڤیتامینە ماددەیەكی لینج دەردەكەن، یارمەتیدەرە لە گەشەی سروشتی، گەشەكردنی كۆرپەلە، پیتاندن و دروستكردنی پێكهاتەكانی خوێن و سەلامەتی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان، ڤیتامین A وەك پاسەوانێك لە دژی ئەو ماددە نەخوازراوانە كار دەكات، كە لە ئەنجامی كارلێكە كیمیاییەكان كەڵەكە دەبن، لەهەر شوێنێك بیاندۆزێتەوە كاریگەرییە نەرێنییەكان لەناو دەبات بەو جۆرەش پارێزگاری لە سەلامەتی خانە زیندووەكان دەكات.
ئەو سەرچاوە رووەكیانەی ڤیتامین A تێدایە وەك گێزەر، سپێناخ، شێلم، شۆربای سەوزە، قەیسی بە توێكڵ و مانگۆ.
سەرچاوە ئاژەڵییەكانیش وەك جگەری ئاژەڵ، جگەری مریشك، شیرەمەنییەكان و هێلكە.
مەترسییەكانی كەمی ڤیتامین A لە لەشدا:
كەمی ڤیتامین A لە منداڵانی خوار تەمەنی چوون بۆ قوتابخانە بە كێشەیەكی جیهانی دادەنرێت، بە جۆرێك كە ساڵانە نزیكەی چارەكە ملیۆنێك تا نیو ملیۆن منداڵ تووشی كوێری دەبن، رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بە بوونی 14 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا دەكات، كە تووشی كەمی ڤیتامین A هاتوون و ژمارەی ئەو منداڵانەش بەبێ دەركەوتنی نیشانەكانی كەوتنە نەخۆشخانە بریتییە لە 190 ملیۆن و لەهەمان كاتدا 150 ملیۆن منداڵ ئەگەری مەترسی مردنیان لەسەرە بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە كە پەیوەندیدارن بە كەمی ڤیتامین A یەوە.
س/ سایتی زانیاری