شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی هۆكارەكانی دواخستنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن قسەی كرد و رایگەیاند: كاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادەیە، دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان پەیوەندی بە ناكۆكی شیعەكانەوەیە.
ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” گفتوگۆکان لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار هێشتا بەردەوامن و پارتی بە هیچ شێوەیەک هۆکار نەبووە بۆ دواخستنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، وەک فراکسیۆنی پارتی لێرەین و کاندیدی فەرمییشمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئامادەیە”.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران، شاخەوان عەبدوڵڵا روونیكردەوە “ئێمە وەک لایەنی کوردی بەربژێرمان بۆ سەرۆککۆمار هەیە، بەڵام پرسی سەرۆکوەزیران پەیوەستە بە ماڵی شیعە و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن کێ بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکەن”.
شاخەوان عەبدوڵڵا زیاتر گووتی” لەو بڕوایەدا نیم چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت لە ئێستادا پرسی سەرۆك وەزیران یەکلا بکاتەوە”.

































































