بەهرە محەممەد
ئیدریس بارزانی ٣٩ ساڵ لەمەوەبەر كۆچی دوایی كرد . ئەو سەركرەیەی كە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو بەدیهێنانی مافی گەلی كورد تەرخانكرد .
ئیدریسی جوانە مەرگ لەدایكبوونی لەساڵی ١٩٤٤ تا كۆچی دوایی هەموو ژیانی لە شۆڕش و خاباتكردن بوو ، ئەگەرچی تەمەنێكی كورتی هەبوو بەڵام هەگبەی ژیانی پڕ لە دەستكەوت و سەركەوتن بوو بۆ خەباتكردن و خزمەتكردنی پێشمەرگە و شۆڕشی ئەیلول و گوڵان .
ئیدریس بارزانی ڕەمزی كۆكەرەوە و خۆشەویستی هەڤاڵەكانی بوو. ئەو بە كارێزماییەكەیەوە هەزاران پێشمەرگەی لە هەموو ناوچەكانی كوردستان لەدەوری كۆ ببونەوە و هەمیشە لە سەنگەری خەبات و كوردایەتیدابووە ، ئیدریس بارزانی بۆ هەموو هێز و پارتە سیاسیەكان هێمای سەركەوتن و یەكڕیزی و پاڵپشتی بوو ، خەونی ئەو سەركەوتنی كورد و بەدیهێنانی مافەكانی بوو لە هەر چوار پارچەی كوردستان .
ئەو سەركردەیە یەكێك بووە لە خاوەنی پڕۆژەی بەرەی كوردستانی بۆ ڕێكخستن بیرو بۆچوونەكانی سەرجەم پارتە شۆڕشگێڕەكانی شاخ . لە ئاوارەیی و دەربەدەری هەوڵیدا هەموو پارتەكان لەدەوری یەك ئامانج و یەك ئاڵا واتە لەدەوری بەرەی كوردستانی كۆبكاتەوە ڕێگەی لە پەرتەوازەیی كورد و تووندوتیژی لەنێوان پارتە شۆڕشگێڕەكان بكات.
توانی لە هەشتاكان سەرجەم پارتە سیاسی و شۆڕشگێرەكان بەیەك پڕۆژە ڕێكبخەنەوە بۆ ئەوەی لەڕووی دوژمن بەهێز و كاریگەربن و بتوانن زیاتر وێنەی كورد بەیەكڕیزی پیشانی ڕژێمی داگیركار بدەن.
ئیدریس بارزانی سەركردەی هەمیشە زیندوو بۆ پێشمەرگە گەورەترین پاڵپشت و نزیك بوو لەگەڵ هاوسەنگەرەكانیدا ، ئەوانەی ڕۆژێك لەگەڵ ئەم سەركردە مەزنە پێشەوایەتییان كردبێت بەشانازیەوە باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئەو دەكەن و هەمیشە لەگەڵ ئازار و ناخۆشی نەتەوەكەیدا بووە ، ئەو هێزەی ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد ، وایكرد شۆڕشی گوڵان جارێكی تر لەدایك ببێتەوە و ببێتە ماڵێك بۆ هەموو ئەوكەسانەی كە لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد و خەباتدا بوون .
ئیدریس بارزانی سەركردەی مێژوویی و كۆكەرەوەی هەمووان كەسایەتیێكی لێبووردە و خەمخۆری نیشتیمانەكەی بوو.
لەگەڵ پێشمەرگەكان ڕابەرایەتی سەنگەری خەبات و تێكۆشان و سەركەوتنەكانی دەكرد. بەردەوام لەم شاخ بۆ ئەم شاخ و سەنگەر دەگەڕا بۆئەوەی شۆڕشی كورد سەركەوتووبێت. لەلای ئیدریس بارزانی سەركردەو ئەندازیاری ئاشتی خەباتكردن بە كۆمەڵ و وەرگرتنی ڕای پێشمەرگەو گوێگرتن لە ڕا جیوازەكان و بڕیاردان بە كۆمەڵ لەپێشینەی كارەكانی بوو . ئیدریس بارزانی جگە لە باكگراوندی بنەماڵەی خەباتگێڕ بوو. ئیدریس بارزانی دوای خۆشی فەرهەنگێكی پێكەوەژیان و لێبوردەیی بەجێهێشت كە هەموومان پێویستمان بەو ئایدۆلۆژیایەو تێروانینە بەرزانە هەیە. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا كاروانی خەباتی ئەو سەركردە مەزنە بگاتە ئامانج بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی كورد لە سایەی ئەو خەباتەوە توانراوە بگەین بە دەستكەوتی گەورە و مەزن . هەربۆیە لەم ڕۆژە ناخۆشەدا هەمیشە یادی ئەو سەركردە مەزنە دەكەینەوە و شانازی بە خەبات و ماندووبونی دەكەین كە لەپێناو كوردستان ژیانی خۆی پێشكەشكرد.

































































