ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و گرنگی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: “پاراستنی واقیعی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجێکی سەرەکییە بۆ خەڵکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد. سەرۆک بارزانی هەمیشە خەمی رۆژئاوای کوردستانی بووە، هەر لە سەرەتای ساڵانی 2011 و 2012وە تا ئێستا.”
سەبارەت بە شەڕی دژی تیرۆر، جەعفەر ئیمنیکی ئاماژەی بەوە کرد؛ کورد رۆڵێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەی بینیوە و گوتی: “هەموو جیهان قەرزاری کوردە لە شەڕی دژی داعشدا، چونکە ئەگەر کورد نەبوایە داعش تێکنەدەشکا. ئەمە راستییەکە کە لە عێراق و سووریا سەلمێنراوە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەعفەر ئیمنیکی باسی لە بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە کرد و گوتی: “واقیعی رۆژئاوا زۆر هەستیارە و پێویستی بە پشتگیری هەیە، چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. سەرکردایەتی پارتی و سەرۆک بارزانی هەمیشە لەسەر خەت بوون بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە.”
جەعفەر ئیمنیکی دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان و میدیاکان و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کرد بۆ ئەو هەستە نەتەوەییە بەرزەی نیشانیان داوە و گوتی: “کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەک رۆح و یەک جەستە و یەک ئامانجن، ئەویش ژیانە بە کەرامەت و سەربەرزییەوە. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامین لە هەوڵەکانمان لە هەولێر و بەغدا بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانمان.”


































































