ڕوانگەی ئیکۆی عێراق لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، خەرجی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە (ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان، سەرۆکایەتی کۆمار) بۆ ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و زیاتر لە 6 ترلیۆن دینار بووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەکە کە ئەمڕۆ شەممە (31ی کانوونی دووەمی 2026) بڵاوکراونەتەوە، لە کۆی 56 ترلیۆن دیناری تەرخانکراو بۆ مووچەی عێراق، بڕی 6 ترلیۆن و 460 ملیار دیناری بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە ڕۆیشتووە، کە دەکاتە نزیکەی 11.5%ی کۆی گشتی مووچە.
ڕوانگەی ئیکۆ ئەم ژمارانە بە “خەیاڵی” و “بەهەدەردانی سامانی گشتی” وەسف دەکات، بەو پێیەی ئەو دامەزراوانە خزمەتگوزاری نین و ئەو پارەیە لەسەر حیسابی خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرج دەکرێت.


































































