هــەژار ئەنوەر
بەكالۆریۆس لە راگەیاندن
پەرتووك هاوڕێیەكی باشە، وەك مامۆستایەكی دڵسۆز بەبێ دەنگی و بەبێ منەت زانست و زانیاریت پێ دەبەخشێت و رێنماییت دەكات، ئەگەر تۆ باشترین بەكارهێنەربیت بۆی و لەخزمەتی دابیت، سودی لێوەربگریت و كاروكردەوەی پێ بكەیت، هەروەها چەكی دەستی تاكە دژبە نەفامی و تاریكی و كۆیلەیی.
هەڵبژاردنی پەرتووكەكان دەبێت وەك نەخۆش و چارەسەرییە دەرمانەكان بێت، كام جۆر نەخۆشیت هەیە دەبێت لەم بارەوە دەرمانەكان وەربگریت بۆ چارەسەری ئەگینا نەخۆشییەكەت چارە نابێت و بەرەو ئاراستەی خراپتر دەڕوات و لەوانەیە بگاتە ئاستی مردن، هەر بۆیە دەبێت لەو پسپۆڕییانە پەرتووك هەڵبژێریت و بكڕیت كە تێدا لاوازی و پەرە بە تواناو گەشەی خود و پسپۆرییەكەت و رۆشنگەرییەكەت بدات بەشێوەیەكی گشتی، مەرج نییە هەموو پەرتووكێك بۆ مـــــن و تـــــۆ وەكو یەك سوود بەخش بن..! هەروەك چۆن گەدەمان بەتاڵ دەبێتەوە لە خۆراك دواتر حەزمان بۆ خۆراك دەچێت و گەدەمان پڕدەكەینەوە و هەردووكشمان برسین، بەڵام مەرج نییە هەردووكمان یەك جۆر و هەمان خۆراك بخۆین، بۆچی ؟!
چونكە لەوانەیە من خۆراكێكی ناتەندروست بخۆم و تۆش خۆراكێكی تەندروست بخۆیت، لەم سۆنگەوە لای زۆرینەمان ئاشكرایە كە جۆری خۆراكی تەندروست مرۆڤ تەندروست دەكات كاتێك مرۆڤیش تەندروست دەبێت ڕاستەوخۆ دەروون ئاسوودە و ئارام دەبێت بە پێچەوانەشەوە راستە..!
بۆ زاخاوی مێشكی مرۆڤ پەرتووك خۆراكە و كاریگەری لەسەر ئەندێشە و بیركردنەوەكانمان دادەنێت ئاراستەی ژیانكردن و كۆمەلگەمان دەكات بۆ ئەو ئایدیاییە كە نووسەرەكە ئامانجیەتی و دواتر خۆی دەبینێتەوە لە كردار، بۆیە هەڵبژاردنی دروست، تاكێكی دروست و كۆمەڵگەیەكی تەندروست دێنێتە بوون.
كەواتە زۆری و كەمی كڕینی پەرتووك گرنگ نییە، بەقەد ئەوەی بزانیت چ جۆرە پەرتووكێك هەڵدەبژێریت و سوودی دەبێت بۆت، ڕەچاوكردنی چۆنییەتی هەڵبژارن و خوێندنەوە پێش چەندییەتی.