حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنی وردی بۆ تەواوی ئەو زیانانە کردووە کە بەهۆی تاوانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە نێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 بەر گەلی کوردستان کەوتوون. جەختیش دەکاتەوە کە بەپێی دەستوور، حکوومەتی ئێستای عێراق وەک میراتگری ڕژێمەکانی پێشوو، پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی دارایی و مەعنەویی خەڵکی کوردستان.
بەپێی بەدواداچوونە یاساییەکان، ئەم داواکارییەی هەرێمی کوردستان پشتئەستوورە بە ماددەکانی 112 و 132 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق. ماددەی 132 بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەت پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی کە بەهۆی کردەوەکانی ڕژێمی پێشوو زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها ماددەی 112 جەخت لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان دەکاتەوە بە شێوەیەک کە قەرەبووی ئەو ناوچانە بکرێتەوە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە پەرەپێدان بێبەش کراون و زیانیان پێگەیشتووە.
شارەزایانی یاسایی دەڵێن، حکوومەتی فیدراڵیی ئێستا لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە بەرپرسیارێتی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی بەردەوام دەمێنێتەوە و گۆڕانی ڕژێمەکان کار ناکاتە سەر پابەندییە داراییەکان بەرامبەر بە هاووڵاتیان. قەرەبووکردنەوەکە نەک تەنها لایەنی دارایی دەگرێتەوە، بەڵکو ئاوەدانکردنەوەی ئەو هەزاران گوند و ناوچانەش دەگرێتەوە کە لە پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن لەو 40 ساڵەدا وێران کراون.
ئەم خەمڵاندنەی حکوومەتی هەرێم وەک دۆسیەیەکی یاسایی و نیشتمانیی گرنگ ئامادەکراوە تاوەکو لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا وەک مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستان کاری لەسەر بکرێت، بەو پێیەی تا ئێستا حکوومەتەکانی دوای 2003 هەنگاوی کرداریی و جیدییان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس و ڕژێمەکانی پێشوو لە کوردستان نەناوە.


































































