بەرپرسێکی تورکیا کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئەنقەرە ئامادەیە سنووری خۆی لەگەڵ ئێران بەهێزتر بکات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە 500 کیلۆمەتری سنووری ئێران لەگەڵ ئێران 380 کیلۆمەتر بە دیوارێک پارێزراون، بەڵام ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد کە ئەم دیوارە بەس نەبووە بۆ ستانداردە ئەمنییەکانی تورکیا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەواڵە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بە پشتبەستن بە سەرچاوەكانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوی كردۆتەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی سبەی هەینی 30-1-2026، سەردانی ئەم وڵاتە دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردووە و ڕاگەیاندووە : “هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی ئەنقەرە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئێران دەکات، جەخت لەسەر گرنگی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ئێران بۆ تورکیا دەکاتەوە، دژایەتی ئەنقەرە بۆ هەر دەستوەردانێکی سەربازی دژی ئێران دووپات دەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە مەترسییە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەم جۆرە کردەوانە”.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بە شێوەیەکی بێوێنە پەرەی سەندووە و لە کاتێکدا ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازی، ئەتۆمی و فەرمییەکان لە کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک توندتر بووە.


































































