ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-1-2026، لەگەڵ چڕبوونەوەی هەواڵی ئەگەری هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیران، میدیاكانی نزیك لە حكومەتی ئیران ڕادەستکردنی هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ هێزەكانی سوپا ڕاگەیاند.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، بڕیارەکە بە فەرمانی فەرماندەی گشتی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوە و “هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ستراتیژی كە پەیوەندییان بە ڕێکخستنی شەڕی چوار هێزی سوپاوە هەیە رادەست کردوون”.
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، گووتی: بەگوێرەی هەڕەشەکانی پێشوەختە، پاراستن و بەرزکردنەوەی سوودە ستراتیژییەکان بۆ شەڕی خێرا و وەڵامدانەوەی چەقێنەرانە بۆ هەر لەشکرکێشی و دەستدرێژکارێک هەمیشە لە کارنامەی سوپا دایە”.

































































