موڕشید برادۆستی – سۆران :
لە شارۆچكەی سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سۆران، سەدان پێوەری ئاو بۆ دانیشتوانان و هاوبەشانی ئاو بەستراوە، ئەمە لە كاتێكدایە، لە مانگی داهاتوو دوا مۆڵەت بەو هاوبەشانە دراوە كە پێوەرییان نەبەستووە، بەپێچەوانەوە روبەڕووی سزای ماددی دەكرێنەوە .
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پێوەری ئاو لە گوندەكانی دەورووبەر نەبەستراوە، پرۆسەكە تەنیا بۆ سەنتەری سیدەكانە، لە كۆی هەزار هاوبەشی ئاو، ئێستا 800 هاوبەش واتە 80% پێوەریان بەستووە و بەردەوامیشی هەیە.”
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” بەپێی رێنمایەكانی حكومەت، دوا مۆڵەت بۆ بەستنی پێوەری ئاو، 21ی مانگی داهاتووە، ئەگەر بێتوو ماوەكە درێژ نەكرێتەوە، هەر ماڵێك پێوەری نەبەستبێت مانگانە بە پێبژاردنی 80 هەزار دینار سزا دەدرێت، بۆ دوكان و شوێنی بازرگانی 200 هەزار دینار مانگانەیان لە بەرامبەر نەبەستنی پێوەر بۆ دەگەڕێتەوە.”