بڕیاری لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو مامۆستایە درا لەسەر كێشانی وێنەی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەیەكی ئەو شارەدا، قوتابییەكەی دەركرد.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند ” لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركووك قسەم كردووە و بڕیاری لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو مامۆستایە داوە كە لەسەر كێشانی وێنەی ئاڵای كوردستان قوتابییەكی دەركردبوو”.
ئەحمەد كەركووكی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە” لە نزیكەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەكەن و قوتابییەكەیش دەگەڕێتەوە بۆ سەر كورسیی خوێندن”.
دیار خەلیل ئیبراهیم” قوتابی لە خوێندنگەی “ئەجیال نەسری” شاری كەركووك دەخوێنێت، لە كاتی تاقیكردنەوەی وانەی هونەردا، وێنەی ئاڵای كوردستانی وەك بابەتێكی هونەری كێشابوو. بەو هۆیەوە لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكەیەوە سزایەكی تووندی درا و لە قوتابخانە دەركرا و بەپیی بڕیارەكە لە خوێندنی ئەمساڵ بێ بەشكرا.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر ئاستی شەقام و رێكخراوەكان و وەزارەتی پەروەردەش كاردانەوەی بەرفرەوانی لێ كەوتەوە، لەسەر ئەم غەدرە بەدەنگ هاتن، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە قوتابییەكەش ئامادە بوو، چارەسەری ئەم كێشەیە كرا و قوتابییەكە گەڕایەوە بەر خوێندن.


































































