نووسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
بەشی سێیەم: “شەرعییەت دان بە نەزانی و مەترسییەکانی سەر بۆ ئاسایشی تەندروستی
لە بەشەکانی پێشوودا تیشکمان خستە سەر لادانی کارگێڕی و دارایی ئەم ڕێکخراوانە. لەم بەشەدا، لە ڕوانگەیەکی زانستی و ئەکادیمییەوە شیکردنەوە بۆ کارەساتێکی گەورەتر دەکەین، ئەویش بریتییە لە: “بەیاساییکردنی نەزانی” و پاشەکشێی بنەماکانی پزیشکی تەواوکاری لەبەردەم هەژموونی بازرگانیی چاوچنۆکانەدا.
١_ بڕوانامەی کارتۆنی و دابەزینی کوالێتی پیشەیی، ئەمڕۆ کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی بواری گیادەرمانی لە هەرێم، لە جیاتی ئەوەی ببنە ناوەندی توێژینەوە (Research Centers)، بوونەتە ناوەندی “بەخشینی نازناوی بێ بنەما”. کردنەوەی خولی کورتخایەن و بەخشینی بڕوانامەی “شارەزا و پسپۆڕی” بە کەسانێک کە خاوەنی هیچ باکگراوندێکی پزیشکی و زانستی نین، نەک هەر سووکایەتیکردنە بە زانستی پزیشکی تەواوکاری، بەڵکو دروستکردنی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان. ئەم بڕوانامانە لە ڕاستیدا وەک “مۆڵەتێکی یاسایی” بەکاردێن بۆ داپۆشینی کەم و کوڕییە زانستییەکان.
٢_ تێکەڵکردنی زانست لەگەڵ خورافیات، یەکێک لە گەورەترین شکستهێنانە ئەخلاقییەکانی ئەم ڕێکخراوانە، بێدەنگییانە لە ئاست تێکەڵکردنی “زانستی دەرمانناسیی ڕووەکی” لەگەڵ کارە نایاسایی و نانەریتییەکانی وەک (سیحر، جادوو، و نوشتە). کاتێک ڕێکخراوێک شەرعییەت دەداتە کەسانێک کە لەژێر پەردەی ئایین یان وزەدا یاری بە دەروون و جەستەی نەخۆش دەکەن، مانای وایە ئەو ڕێکخراوە پێوەرە زانستییەکانی کردووەتە قوربانی بەرژەوەندیی دارایی و زیادکردنی ژمارەی ئەندامەکانی.
٣_ بازاڕی خۆڵەمێشی و بەرهەمهێنانی دەرمانی “ژێرزەمینەکان”
لە غیابی چاودێریی وردی تاقیگەیی و جێبەجێ نەکردنی سیستەمی (Quality Control)، ئەم ڕێکخراوانە بوونەتە سەکۆیەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو تێکەڵە دەرمانییانەی کە هیچ ناسنامەیەکی زانستییان نییە. زۆرێک لەو بەرهەمانەی بە ناوی “سروشتی” و بە پشتگیریی ئەم ڕێکخراوانە دابەش دەکرێن و کاری کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت ماددەی کیمیایی کوشندەیان تێدایە کە دەبنە هۆی شکستی درێژخایەنی گورچیلە و جگەر و سپڵ و پەنکریاس، لێرەدا ڕێکخراو لە “پارێزەر”ەوە دەبێتە “هاوبەشی تاوان!
٤_ گۆڕینی ڕێکخراو بۆ “سەکۆی ساغکردنەوەی کاڵا” و قۆرخکاری بازرگانی، دیاردەیەکی مەترسیدار کە لەناو ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراوانەدا سەری هەڵداوە، بریتییە لە گۆڕینی پلە و پۆستە کارگێڕییەکان بۆ دەرفەتی بازرگانیی تایبەت. زۆرێک لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، لە پەنای ناوی ڕێکخراوەکانیانەوە بوونەتە خاوەنی کارگە و پڕۆژەی بەرهەمهێنانی دەرمانی گیایی، و بە شێوازێکی نایاسایی و ناپیشەیی، ‘پێگەی ڕێکخراوەیی’ بەکاردەهێنن بۆ ناچارکردنی ئەندامان و لایەنگرانیان تا تەنها بەرهەمەکانی ئەوان بکڕن و ساغ بکەنەوە. ئەمە نەک هەر قۆرخکارییەکی بازرگانیی قێزەونە، بەڵکو کوشتنی بنەماکانی بێلایەنییە؛ چونکە ڕێکخراوێک کە خۆی لایەنی بازرگان بێت، هەرگیز ناتوانێت چاودێرێکی بێلایەن بێت بەسەر کوالێتی و نرخی بازاڕەوە. لێرەدا ڕێکخراو لە ‘داکۆکیکار لە مافی گشتی’ دەگۆڕێت بۆ ‘کۆمپانیایەکی شاراوە’ کە ئەندامەکانی وەک کارمەندی بێمووچە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی بەکاردەهێنێت.
تێبینی : بانگەوازێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەرتی گشتی
ئەمەی ئێستا لەژێر ناوی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی گیادەرمانی دەگوزەرێت، “مافیایەکی سپی” ڕێکخراوە کە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای حکومەت، وەزارەتی تەندروستی و داواکاری گشتی هەیە. نابێت ڕێگە بدرێت ناونیشانی “پزیشکی تەواوکاری” ببێتە قەڵغانێک بۆ دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا لەسەر حیسابی ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان، پزیشکی تەواوکاری لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەشێکە لە چارەسەری زانستی و لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەکادیمیدایە، بەڵام لای ئێمە کراوەتە کەرەستەیەک بۆ “گەرمکردنی بازاڕی کەسانی هەلپەرست.


































































