سەدیق محەممەد سەدیق
دۆخی سیاسی و سەربازی ڕۆژئاوای كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەی سەرەتای ساڵی 2016دا، تەنها ڕەنگدانەوەی كێشەیەكی ناوەخۆی نیە، بەڵكو گۆڕەپانێكە كە تیایدا دەرەنجامەكانی بومەلەرزە سیاسیەكەی دیمەشق و گۆڕینی نەخشەی هێز دەردەكەوێت، پاش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد و دەستبەكاربوونی ئەحەد شەرع لە كۆشكی موهاجرین، كورد كەوتە نێوان بەرداشێكی سەختتر لەوەی ڕابردوو؛ چونكە ئەو هاوسەنگیە لاوازەی كە لەسەر ناكۆكی نێوان ئەسەد و توركیا وەستابوو، ئێستا بە یەكگرتنی بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و ئەنقەرە كۆتایی هاتووە.
بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە نوێیە، دەبێت سەرەتا شرۆڤەی هەڵوێستی ئەمریكا لەم قۆناغەدا بكەین. سیاسەتی واشنتۆن لەدوای نەمانی ئەسەد توشی گۆڕانكاری بنەرەتی بووە؛ پێشتر كورد هاوپەیمانێك بوو بۆ ڕێگریكردن لە داعش و پچرانی پردی وشكانی ئێران، بەڵام ئێستا ئێران لە هاوكێشەی سوریا كراوەتە دەرەوە و دەسەڵاتێكی سونی نزیك بە توركیا لە دیمەشقە، پاساوەكانی مانەوەی ئەمریكا لاواز بوون. ئەمریكا لەبەردەم دوریانێكدایە: ئایا پارێزگاری لە كورد بكات وەك تاكە هێزی سیكۆلار لە ناوچەكە، یان قوربانیان پێ بدات لە پێناو ڕازیكردنی توركیا و دەسەڵاتە نوێیەكەی ئەحمەد شەرع تاكو سوریا بەتەواوەتی نەچێتە ژێر ركێفی ڕووسیا؟ واقیعەكە پێمان دەڵێت كە كورد لە دیدی ئەمریكادا كارتێكی فشار بوو بۆ قۆناغی ئەسەد، و لە قۆناغی نوێدا دەكرێت لەسەر مێزی دانوسانەكان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق مامەڵەی پێوەبكرێت.
لەبەرامبەر ئەم گۆڕانكارییە ڕیشەیەدا، دیدگای سەركردایەتی سیاسی كورد لە باشوری كوردستان و هۆشدارییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی، ئێستا زیاتر لەجاران ڕاستی خۆیان دەسەلمێنن. بارزانی ساڵانێك بوو جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە پشت بەستننی ڕەها بەهێزی بیانی یاریەكی مەترسیدارە. ئەمڕۆ كە دەبینین چۆن هاوكێشەكان بەشەو و ڕۆژێك گۆڕان، ئەو پەیامە دەنگدەداتەوە كە دەبوو هێزەكانی ڕۆژئاوا (پەیەدە) سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای یەكریزی نیشتمانی لەگەڵ (ئەنەكەسە) و دروستكردنی قوڵای ستراتیژی لەگەڵ باشور بنیات بنایە، نەك تەنها وەك بەكرێگیراوی شەڕی تیرۆر دەركەون. چونكە ئێستا كە ئەسەد نەماوە، كوردو دراوسێ نوێیە بەهێزەكانی كە توركیا و حكومەتەكەی شەرعن بەتەنها ماونەتەوە.
سەبارەت بە توانای سەربازی، دۆخەكە زۆر ئاڵۆزتر بووە. پێشتر ئەگەر سوپای سوریا لاواز بووبێت، ئێستا سوپایەكی نوێ لە دیمەشق بە هاوكاری توركیا و چەكدارانی پێشوو دروست دەبێتەوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات هێشتا بێ كەڤەری ئاسمانین و لەناوچەیەكی تەختدان، پێشتر. ڕۆڵی نەوت ئەوەبوو نەكەوێتە دەست ئەسەد و ئێران بۆ ئەوەی سزاكانیان پێ سوك نەبێت، بەڵام ئێستا ئەو نەوتە دەبێتە خاڵی ناكۆكی لەگەڵ حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع كە دەیەوێت وەك سەرچاوەی دارایی دەوڵەتە نوێیەكەی بەكاری بێنێت. واتە مانەوەی هێزی ئەمریكی لەسەر بیرە نەوتەكان ڕەنگە وەك داگیركاری لەلایەن شەرعیەتە نوێیەكەی دیمەشقەوە تەماشا بكرێت، نەك وەك سزادانی ڕژێمێكی دیكتاتۆر.
لەم چوارچێوەیەدا، سیناریۆكانی بەردەم مەزڵوم كۆبانێ و ئیدارەی خۆبەڕێوبەری زۆر ترسناكن. ئەو دەرگایەی جاران كراوە بوو (واتا دانوسان لەگەڵ دیمەشق وەك بەدیلی توركیا)، ئێستا داخراوە، چونكە دیمەشقی ئێستا و ئەنقەرە دوو ڕووی یەك دراون. ڕێكەوتن لەگەڵ دیمەشق ئیتر بە واتای پاراستن نایەت لە دەست توركیا، چونكە ئەحمەد شەرع خۆی هاوپەیمانی ئەردۆغانە. تاكە بژاردە بریتییە لەوەی كورد بتوانێت خۆی وەك بەشێك لە پڕۆسەی سیاسی نوێی سوریا بسەپێنێت بە پشتوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەگەرنا سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەكە لەلایەن هاوپەیمانی (توركیا-شەرع) ەوە ئەگەرێكی كراوەیە.
كاریگەری ئەم ڕوداوانە لەسەر باشوری كوردستانیش چەندان هێندە دەبێت. هەر شكستێك لە ڕۆژئاوا، جگە لە شەپۆلی ئاوارە، دەبێتە هۆی ئەوەی توركیا هەست بەسەركەوتنی تەواوەتی بكات. نەمانی دەسەڵاتی شیعە لە سوریا و هاتنی دەسەڵاتێكی سوننی هاوپەیمانی توركیا، باڵانسی هێز لە عێراقیش دەگۆڕێت و ڕەنگە توركیا زیاتر دەست كراوە بێت بۆ دەستوەردان لە قوڵایی خاكی هەرێم. ئەو دەنگۆیانەش كە گوایە ئیسرائیل پشتوانی كورد دەكات، لەم قۆناغەدا بەتەواوی پوچەڵ دەبنەوە، چونكە ئیسرائیل سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ سوریای نوێ و نایەوێت بەرەیەك لە دژی خۆی بكاتەوە.
لەكۆتایدا، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ساڵی 2026 و قۆناغی سوریای دوای ئەسەد، مەترسیدارترین قۆناغە بۆ كورد، ئەگەر پێشتر بەرژەوەندیەكانی توركیا ئێران سوریا لە دژی كورد یەكیان دەگرتەوە، ئێستا مەترسیەكە چرتر بووەتەوە لەنێوان توركیا و دەوڵەتی نوێی سوریا. ئێران كشاوەتەوە بەڵام شوێنەكەی پڕكراوەتەوە بە هێزێك كە ئایدۆلۆژیاكەی دژی پڕۆژەی نەتەوەیی كوردییە. لەم نێوەندەدا، تاكە چەكی كورد بریتی نیە لە چاوەڕوانی ئیدارەی ئەمریكا، بەڵكو خێندنەوەی دروستە بۆ ئەوەی چۆن لەم نیزامە نوێیەدا شوێن پێی خۆی بكاتەوە پێش ئەوەی وەك پاشماوەی سەردەمی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.


































































