بەڕێوهبهری گشتی بهنداوهكان و كۆگاكردنی ئاوی ههرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی شەپۆلەکانی ئەم دواییەی بارانبارینەوە، داهاتی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ هێندە زیادی کردووە.
ڕهحمان خانی، بهڕێوهبهری گشتی بهنداوهكان ڕایگەیاند: “ئەمساڵ داهاتی ئاو بۆ ناو بەنداوەکان بە ڕێژەی 200% زیادی کردووە، واتە ئەگەر ساڵی پار لەم کاتەدا 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو هاتبێتە ناو بەنداوەکانەوە، ئەوا ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 300 ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە.”
سەبارەت بە کاریگەری ئەم شەپۆلانە لەسەر بەنداوە گەورەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای زۆریی ڕێژەی بارانبارین، بەڵام هێشتا بەنداوی دوکان پێویستی بە زیاتر لە سێ مەتر ئاوی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بگاتەوە بەو ئاستەی کە ساڵی پار تێیدا بووە.
خانی هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ وشکەساڵی و کەمبارانیی ساڵی ڕابردوو، کە بووە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، هەربۆیە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کاتی دەوێت.


































































