ڕۆژی سێشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2026، گرژی و ئاڵۆزی لە گوندی “تەپەسەوز”ی سەر بە قەزای خورماتوو دروست بوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی پۆلیس و سوپای عێراق چوونەتە ناو گوندەکە و هەڕەشەیان لە جووتیارانی کورد کردووە.
جووتیارانی ناوچەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، کە عەرەبە هاوردەکان لەبەردەم چاوی هێزە ئەمنییەکاندا هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان دەدەن و هەڕەشەی دەرکردنیان لێ دەکەن.
ئەم ڕووداوە درێژکراوەی دۆخی دوای 16ی ئۆکتۆبەرە، کە تێیدا دەسەڵاتی سەپێنراو لە ناوچە کوردستانییەکان فشارێکی زۆری خستووەتە سەر دانیشتووانە ڕەسەنەکە. ئەم سیاسەتە نەک تەنیا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێکی زۆری کوردان، بەڵکو کێشەی زەوی و زاریشی وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردەدا هێشتووەتەوە.

































































