ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکان، ئامارە نوێیەکان و چارەسەری گرفتە بانکییەکان تاوتوێ کران.
زیاتر لە ملیۆنێک بەشداربوو و گۆڕانکاری لە دابەشکردنی مووچە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەی “هەژماری من” لە سنووری یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر تێپەڕی کردووە. بڕیاریشە بۆ مووچەی ئەم مانگە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانیانەوە شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
ڕاگرتنی مووچەی ئەوانەی تۆمار نەکراون
لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەک (١)ی ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە پڕۆژەکەدا تۆمار نەکراون، یان کارتی بانکییان بۆ دەرچووە و سەردانی بانکەکانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
هۆشداری توند بە بانکەکان و کێشەکانی (TBI)
بەشێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردنی بانکەکان. بڕیاردرا ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە کەمتەرخەمن لە دابینکردنی سەنتەری پەیوەندی، کەمیی ئامێرەکانی (ATM) و درەنگ پڕکردنەوەیان.
سەبارەت بە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)، ئاماژە بەوە درا کە بەهۆی بوونی چەندین کێشەی تەکنیکی، نەبوونی ئامێری ATM لە قەزا و ناحیەکان و لاوازیی خزمەتگوزارییەکان، بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە بوون بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگوازرێنەوە بۆ بانکە دڵخوازەکانی تریان. هەروەها هۆشداری درایە سەرجەم بانکە بەشداربووەکان کە هەر بانکێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.
تۆمارکردنی خانەنشینان و جوتیاران
سەبارەت بە چینەکانی تر، ئاشکرا کرا کە لە کۆی ٤٥٥ هەزار خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت، تا ئێستا ٤٣٨ هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و ٣٥٤ هەزاریان بەتەواوی تۆمار کراون. هاوکات، پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیارانیش دەستی پێکردووە تا شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لەمەودوا بە شێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.


































































