پرۆسەی دابەشکردنی بیست و حەوت هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستپێدەکات و لە قۆناغی یەکەمدا چوار هەزار و پێنج سەد پارچە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادە کراوە.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، بیست و دوو شارەوانی لە سنوورەکە هەن و نەخشەی کەرتی بۆ زەوییەکان ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی سروشتی ناوچەکە تەنیا لە قەزاکانی چۆمان، ڕواندز، خەلیفان و سیدەکان زەوی تەخت دابین کراوە.
ئەم پڕۆسەیە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە ڕەزامەندییان وەرگرتووە و بۆ چارەسەرکردنی کەمیی زەویش، کار دەکرێت بۆ فراوانکردنی سنووری شارەوانییەکان یان گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ نزیکترین شارەوانی تاوەکو مافی هیچ فەرمانبەرێک نەفەوتێت.
شایەنی باسە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا داوە و سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەهۆی شاخاوییەکەیەوە ڕووبەرێکی کەمی زەوی تەختی هەیە.

































































