زاری كرمانجی:
بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی، بەڵگەی چەندین كۆمەڵكوژیی مەترسیدار لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای سووریای عەرەبی بەرامبەر بە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرا دەكات و دەشڵێت”ئامانج لەم شەڕە هەسەدە نییە، بەڵكوو ئامانجی سەرەكی كۆمەڵكوژكردنی كوردە.”
كامەران عوسمان، بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە ئەو شەڕی باس دەكرێت لە نێوان حكومەتی دیمەشق و هەسەدە دایە، بە هیچ شێوەیەك ڕاست نییە و ئامانجی حكومەتی دیمەشق لەو شەڕەدا كۆمەڵكوژكردنی كوردە نەك هەسەدە.
بەرپرسی ڕێكخراوی سی پی تی ئاماژە بەوەش دەكات كە كورد لە لەژێر كۆمەڵكوژییەكی گەورەدایە و دەڵێ “ئەمانە هەموی بەبەڵگە و دیكۆمێنت هەیە و پارێزراون كە چ كۆمەڵكوژییەكی گەورە لەسەرجەم ناوچەكان و بەتایبەت كۆبانێ كراوەو دەكرێت كە لەمیدیاكاندا باسنەكراوە.”
كامەران باس لە گەمارۆی سەر كۆبانێ دەكات و دەڵێ “كۆبانێ بە تەواوی گەمارۆدراوە و تەنها یەك ڕێڕەو كراوەتەوە، كە ئەویش بۆ ئەوەیە كە چەكدارانی شەرع بچنە ناو كاروانە مرۆیییەكانەوە و بۆ ئەوەی بچنە ناو كۆبانێ، لەبەرامبەردا شەرڤانان هەموو كاروانەكان دەپشكنن تا تەواو كۆبانێ بپارێزن.”
كامەران عوسمان كۆمەڵكوژییەكی كوردان بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ “لەڕۆژی 19ـی مانگی یەك كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە ئەنجامدراوە كە 40 خێزان لە تەبقەوە دەیانەوێت بگەنە رەققە، ئەمانە هەمویان كۆمەڵكوژكراون و كراونەتە ناو پرۆژەیەكی ئاودێری بەناوی سەباح خێر كە زیاتر لە 100 كەس بوون و منداڵی دوو ساڵ و نیوی تێدابوە فیشەك بەسەریانەوە نراوە.”
هەروەها باس لە كۆمەڵكوژییەكی دیكەش دەكات “خێزانێك دەیانەوێت لەڕەققەوە بچنە حەسەكە لەرێگەدا لەلایەن گروپێكەوە تەقەیان لێدەكرێت و سەرۆك خێزانەكە و ژنەكە و بوكەكەیان دەكوژرێن، ژنیش هەیە دەستدرێژیكراوەتەسەر، دواتر كوژراوە،”
بەرپرسی ڕێكخراوی سی پی تی بانگهێشتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات و داواش دەكات لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ بەدواداچونی ئەو كۆمەڵكوژیانەو دۆزینەوەی تەرمەكانیان .
دەشڵێت “لەرۆژئاوا زیاتر لە 91 رێكخراوی نێودەوڵەتی هەیە كە لەئێستادا هیچی تێدا نەماوە و لەلایەن حكومەتی سوریاو گروپە چەكدارە جیاوازەكان و گروپە عەرەبە سورییەكانەوە ئۆفیسەكانیان بەتەواوی سوتاوەو چۆڵكراون، لەكاتێكدا ئێستا ڕۆژئاوا پێویستی بەڕێكخراوەكانەوە تا بەڵگەكان تۆماربكەن و هاوكاری خەڵكی سڤیل بكەن.”

































































