زاری كرمانجی :
گۆڤاری (تایم)ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكی مەیدانیی هەژێنەردا، كە جیهانی تووشی شۆك كردووە، وردەكاریی ترسناكی لەبارەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایەی ئێران ئاشكرا كرد.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، تەنیا لە ماوەی دوو شەو و ڕۆژدا (٨ و ٩ی كانوونی دووەم)، زیاتر لە ٣٠ هەزار هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون، ژمارەیەك كە خوێناویترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی ئێرانی لێ كەوتووەتەوە.
گۆڤارەكە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە، كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، نهێنییەكی تۆقێنەری بڵاو كردووەتەوە: “ژمارەی كوژراوان هێندە زۆر بووە كە دامەزراوە تەندروستییەكان تووشی ئیفلیجی بوون، بە جۆرێك دەسەڵاتداران كیسەی تەرمیان لە كۆگاكاندا نەماوە و ناچاربوونە پەنا بۆ ڕێگەی دیكە بەرن.”
بەرپرسەكان ئاماژەیان بەوە كردووە بەهۆی زۆریی لاشەكانەوە، ئەمبوڵانسەكان فریای گواستنەوەیان نەكەوتوون و حكومەت پەنای بۆ بەكارهێنانی “لۆری و بارهەڵگری گەورە” بردووە بۆ ئەوەی تەرمی كوژراوەكان لە شەقامەكانەوە بۆ شوێنە نادیارەكان بگوازێتەوە.
دكتۆر ئەمیر پەرەستە، پزیشكێكی ئێرانی-ئەڵمانییە و یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی ئەم ڕاپۆرتە، بە بەڵگەوە ئاشكرای كردووە، لیستی نهێنیی نەخۆشخانە مەدەنییەكان تەنیا بۆ ئەو دوو ڕۆژە، تۆماركردنی ٣٠,٣٠٤ (سی هەزار و سێسەد و چوار) حاڵەتی گیانلەدەستدانیان پشتڕاست كردووەتەوە.
دكتۆر پەرەستە هۆشداری داوە “ئەم ژمارەیە هێشتا كۆتایی نییە، چونكە ئەو كوژراوانە ناگرێتەوە براونەتە نەخۆشخانە سەربازییەكان یان ئەوانەی ڕاستەوخۆ بە بێ تۆماركردن براون بۆ گۆڕستانەكان.”
ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات هێزە ئەمنییەكان بە چەكی قورس و نیشانەشكێن ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.
ئەم ئامارە نوێیە زۆر جیاوازە لە ئامارە فەرمییەكانی حكومەت، كە ژمارەی كوژراوانی بە نزیكەی ٣٠٠٠ كەس لە قەڵەم داوە.
ئەگەر ئەم زانیارییانە پشتڕاست بكرێنەوە، ئەوا ئەمە دەبێتە گەورەترین كۆمەڵكوژی حكومەتێك لە سەدەی بیست و یەكدا دژی گەلەكەی خۆی ئەنجامی دابێت، تەنانەت ژمارەی قوربانیانی ئەم دوو ڕۆژە لە كۆی گشتیی زۆربەی جەنگە ناوخۆیییەكانی ناوچەكە زیاترە.
ئەم ڕاپۆرتەی تایم لە كاتێكدایە كە هێشتا بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، قەبارەی تەواوی كارەساتەكە لە ئێران بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام شایەتحاڵەكان باس لەوە دەكەن شەقامەكانی تاران و شارە گەورەكان بوونەتە گۆڕەپانی جەنگێكی یەكلایەنە.


































































