زاری كرمانجی :
سیاسەتمەدارێكی دیارو ناسراوی فەرەنسی، هێرشێكی توندیكردەسەر حكومەتی وڵاتەكەییو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتاینی حكومەتەكانی ڕۆژئاوا، بەهۆی ئەوەی، “وازیان لەكوردو پاڵپشتیكردنیان هێناوە، بۆ ئەوكەسانەی تاوەكو دوێنێ جیهادی بون”.
مارین لوبان سەرۆكی پارتی گردبونەوەی نیشتمانی فەرەنسا ڕایگەیاند، “ئەو چەكدارە كوردانەی كە ئازایانە شەڕی داعشیان كرد، ئێستا لەلایەن حكومەتەكانی ڕۆژئاواو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وازیان لێهێنراوەو پەراوێزخراون”.
لەپۆستێكدا لەپلاتفۆڕمی ئێكس، لوبان هێرشدەكاتەسەر ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی وڵاتەكەیی ڕایدەگەیەنێت، “ئیمانوێل ماكرۆن لەكۆشكی ئیلیزی پێشوازیی لەچەند بەرپرسێكی باڵای سوریا كرد كە پێشتر جیهادی بون، بەوكارەش، شەرعیەت بەگروپە توندڕەوە جیهادیەكان دراو ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە دەیبینین چ دەگوزەرێت لەسوریادا”.
لوبان باسی كورد دەكاتو ڕایدەگەیەنێت، “كورد بەمشێوەیە دەمرێت؛ ئەوانەی ئازایانە سەركردایەتی شەڕی تیرۆریستانی داعشیان كرد، ترسنۆكانە پشتیان تێكراو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوی داخستوەو هیچ نابینێت”.
پرسیار دەكاتو دەڵێت، “چی دەبێت بگوترێ ئیمانوێل ماكرۆن بەشێوەیەكی كارەساتبار شكستیهێناوە؟ ئەو پیاوەی پەلەیكرد بۆ ڕاخستنی فەرشی سور بۆ دیكتاتۆرەكەی سوریا؛ جیهادییەك كە مێژویەكی دورودرێژی لەڕیزەكانی داعشو قاعیدەدا هەیە”.
ئەو سیاسەتمەدارە فەرەنسیە، بڕیارە دیپلۆماسییەكانی حكومەتی وڵاتەكەی بەهۆكاری زیانگەیاندن بەكوردو گروپەكانی دیكەی سوریا زانیو نوسیویەتی، “ماكرۆن بەپێدانی شەرعیەتو ڕێزگرتن لەئیسلامیزم، ئێستا بەرپرسیارێتییەكی قورس لەگۆشەگیریی كەمینەكان لەسوریای لەئەستۆدایە”.
ئەم پەیامەش لەكاتێكدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ماكرۆن وەك بەشێك لەستراتیژێكی پێشوی بەرامبەر بەسوریا بەرگریی لەپاڵپشتیی هێزە كوردییەكان كردەوەو پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا ئەنجامدا، وەكو ڕاگەیەنرا، بەعەبدی وتوە، “فەرەنسا دەستبەرداری هاوپەیمانەكانی نابێت”و داواشیكردوە، كورد بخرێتە نێو دیالۆگە نێودەوڵەتییەكانەوە.
لوبان باسی لەوەكردوەتەوە، “ئەم پەیامەی من لەكاتێكدایە، ڕوداوی نەخوازراوو دڵتەزێن لەباكورو ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕویانداوە كە هەموو هۆكارەكەش ئەوەیە، تەنها كوردنو داوای مافی ڕەوای خۆیان دەكەن، بەداخەوە خراپ وەڵامیاندرایەوەو چەندین هێرشكرایەسەریان كە لەسەرجەمیاندا تاوانی بەڵگەدارو پێشێلكاریی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆماركراون”.


































































