دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك مەسعود بارزانی و بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، هەنگاوەكان دەستپێكراون بۆ دابینكردنی بارەگایەكی نوێ و شایستە بۆ ئینستیوتی كوردی لە پاریس.
د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە تاوەكو بە پاڵپشتیی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستان، باڵەخانەیەك لە پاریس بكڕدرێت یان دروست بكرێت كە فراوان و سەردەمیانە بێت.
بەپێی زانیارییەكان، ئامانج لەم پڕۆژەیە ئەوەیە ئینستیوتی كوردی ببێتە ناوەندێكی گەورەی كولتووری و سیاسی لە ئەوروپا، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشاندنەوەی دیاسپۆرای كوردی بكات و ڕۆڵی هەبێت لە ناساندنی كێشە نەتەوەییەكان و پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد.
ئەم هەنگاوەی سەرۆك بارزانی وەك بەشێك لە پلانی گرنگیدان بە ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و بەهێزكردنی پێگەی كورد لە ئەوروپا وەسف دەكرێت.


































































