مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا (CENTCOM) سەردانی ئیسرائیل دەكات و لەگەڵ بەرپرسە باڵا سەربازییەكانی ئیسرائیل كۆدەبێتەوە .
بە گوێڕەی ڕاگەیاندراوێكی سوپای ئیسرائیل، براد كوپەر، سەرۆكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا (CENTCOM) سەردانی ئیسرائیلی كردووە و لەگەڵ ئەیال زەمیر سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل و كۆمەڵێك فەرماندەی باڵای سەربازی لە تەلئەبیب كۆبوونەتەوە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی سوپای ئیسرائیل هاتووە “كۆبوونەوەكە دەرخەری پەیوەندی تایبەتی نێوان فەرماندەكان و پەیوەندییە ستراتیژییە نزیكەكانی نێوان سوپای ئیسرائیل و ئەمەریكایە و هەروەها پیشاندەری بەردەوامبوونی هاوكارییە بەرگرییەكانی نێوان هەر دوو وڵاتەكەیە.”
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە “گەشتی فەرماندەی سێنتكۆم بۆ ئیسرائیل، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك كۆماری ئەمەریكا بۆ كردەوەی سەربازی دژ بە ئێران.”
بە پێی سەرچاوە سەربازییەكان، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەبوونی خۆی بەرز كردووەتەوە.


































































