شەهلاسۆفی-زاری کرمانجی:
تەکنەلۆژیای خۆراکی ئەوروپی، پێشەنگی جیهانە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی یۆرۆنیوز، زاک ئۆستین یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای پاسیفیکۆ بایۆلابس دەڵێت: تیمە نێودەوڵەتیەکەی کاردەکات بۆ جیهانێکی بێ برسێتی. ئەوان تەکنیکێکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی جێگرەوەی گۆشت بە چاندنی قارچک.
واشنتۆن ڤێنتیمیگلیا، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای پاسیفیکۆ و داهێنەر لە بواری بایۆکیمیا دەڵێت: “لەگەڵ زانایانی خۆراک سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێنا لە گۆڕینی ڕیشاڵی یام بۆ سنگی مریشک (سەوزەییەکان). “ئەوە سەرسوڕهێنەر بوو، ئەوە بوو زانیمان لەسەر ڕێگای ڕاستداین.”
تیمەکە ڕێگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ دروستکردنی ستیکی ڕووەکی و سۆسیس لە پرۆتینی قارچک. فۆرمولەکە نهێنییە. ڤێنتیمیگلیا دەڵێت: “دەبێت تا دەتوانین لە گۆشتی ڕاستەقینە نزیک ببینەوە لە ڕووی پێکهاتەوە؛ ئەوە کلیلی سەرکەوتنە.”
پاو ئۆلەر ئارمێنگۆڵ، تەکنەلۆژیای خۆراک لە ئیسپانیاوە دەڵێت: “بە ڕیشاڵی یام، دەتوانین فیلێتی ماسی گیایی بەرهەمبهێنین، هەروەها گۆشتی گیایی سۆسیس یان مریشک”.
واشنتۆن ڤێنتیمیگلیا دەڵێت، “زانستەکە ڕوونە، ئەگەر سەیری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر گرنگترین بەروبوومەکان بکەین، ئەوا بەڕێژەی 30 بۆ 40% کەمبوونەوەی بەرهەمی بەروبوومی جیهانی دەبینین. ناتوانین خۆراکی پێویست بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمبهێنین. پێویستمان بە ڕێگایەک هەیە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک کە وابەستەی زەوی نەبێت و پرۆتین بەرهەمبهێنێت کە سەربەخۆ بێت لە کەشوهەوا.


































































